ئەو رۆژەی دژە-تیرۆری یەکێتییان بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک ئیتیهامکرد،، قسەکەری ئەو حزبە سیاسییە خاوەن-مێژوو و هێزی سەربازییە، بە ئاشکرا، لەبەردەم دەیان مایکی رەنگاوڕەنگی کوردستانی عێراقدا گوتی: لەو لەشکرکێشییەی تورکیادا، بە سەدان دا*ع*ش و کۆنە ئیرهابیی، لەناو ئەو هێزانەی تورکیادا هەیە. بە باوەڕ-بەخۆبوونێکی زۆرەوە گوتی: بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و ناوی سیانیی و حەتا وێنەکانی ئەو چەکدارانەمان لەبەردەستدایە.
ئەوەی سەرنجیدابێتە ئەو کۆنگرە رۆژنامەنووسییە، هیچ یەکێک لەو مایکەوانانە، ئەو پرسەی زیاتر نەورووژاند و دواتریش، میدیاکان هیچ گرنگییەکی ئەوتۆیان پێنەدا. گریمان قسەکەری یەکێتیی درۆیکرد، ئەی نابێ میدیا “ئەگەر بەڕاستیی میدیا بێت” لەو درۆیە بکۆڵێتەوە؟ میدیا خۆی بەدوای هەواڵی نوێ، بارگاویی و هەڵڵا-خوڵقێنەردا دەگەڕێت، دەی باشە، ئەگەر ئەم هەواڵە هەڵڵا نەخوڵقێنێ و نەبێتە بابەتی میدیاکاران، چ هەواڵێکی تر شایەنی ئەوەیە؟
ڕوونە، ئەم کێچ-کردنە گا و گا-کردنە کێچە، دەزگاکانی هەواڵگریی دەولیی و ئیقلیمیی، بە شاگردیی ئەحزابی کوردایەتیی، بۆ ئامانجی قێزەون و تەماعکاریی گەورە، بەڕێوەیدەبات. نوخبەی ئەکادیمیی بێسەواد و قەڵەمفرۆشانی کوردییش، بێپەروا، کەوتوونە ژێر هەژموونی ئەو ئاراستەکردنە!