کوردستان

کۆمپانیایەکی ڕووسی 250 ملیۆن دۆلاری داوه‌ به‌ كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ر كارئاسانی و گرێبه‌ستی نه‌وتی لە هەرێم

13/07/2024

دەنگوباس
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كۆمپانیای روسنەفت 250 ملیۆن دۆلاری داوە بە كەسێك لەبەرامبەر كارئاسانی و گرێبەستی نەوتی لە هەرێمی كوردستان و هەروەها 3 ملیار دۆلاریشی داوە بە حكومەتی هەرێم بەو مەرجەی حكومەتی هەرێم تاوەكو 2038 بڕی 6 ملیارو 696 ملیۆن دۆلار بداتەوە بە روسنەفت.

سۆران عومەر، بەپشت بەستن بە راپۆرتێكی پێگەی بلومبێرگ وتویەتی، كۆمپانیای روسنه‌فت 250 ملیۆن دۆلاری داوه‌ به‌كه‌سێك له‌هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر كارئاسانی و گرێبه‌ستی نه‌وتی!

وتوشیەتی، ئه‌م بابه‌ته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی مه‌ترسیداره‌ كه‌سێك له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ كارئاسانی بۆ ڕوسنه‌فت له‌به‌رامبه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كان بۆ گرێبه‌ستی نه‌وت بڕی 250 ملیۆن دۆلاری وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 25 هه‌زار ده‌فته‌ر دۆلار!

بەبڕوای سۆران عومەر "پێویسته‌ ڕای گشتی كوردستان و داواكاری گشتی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و په‌رله‌مان به‌جدی له‌م بابه‌ته‌ به‌ده‌نگ بێن و ئاشكرا بكرێ كێیه‌ ئه‌و 250 ملیۆن دۆلاره‌ی وه‌رگرتوه‌؟ ئه‌مه‌ ڕه‌شوه‌و به‌رتیلێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ روسنه‌فت كه‌ له‌ قوت و داهاتی ئه‌م میلله‌ته‌یه‌، تاڵانكردنی نه‌وت و داهاتی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر گرێبه‌ستی نه‌وت و پاره‌و داهاته‌كه‌یدا گرتوه‌و چه‌ندین ساڵه‌ پێی بون به‌ ملیاردێرو هه‌رێمیان توشی ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ كردوه‌."

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەلایەن پێگەی بلۆمبێرگ بڵاوكراونەتەوە، 250 ملیۆن دۆلاره‌كه‌ به‌وردی له‌ به‌یاننامه‌ داراییه‌كانی كۆمپانیای (RN Middle East Pte Ltd)ی سه‌نگافوریدا هاتوه‌ كه‌ به‌رواره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 12ی كانونی یه‌كه‌می 2019. له‌ هه‌ژماره‌كانی (RN Middle East)دا، كۆمپانیاكه‌ وتویەتی، كرێكه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی "سه‌ركه‌وتن" دراوه‌ و قه‌باره‌كه‌شی په‌یوه‌ست بوه‌ به‌ به‌های مامه‌ڵه‌كانی روسنه‌فت له‌ كوردستان.

ئاماژە بەوەشدراوە، كۆمپانیای روسنەفت ئەو پارەیەی به‌ راوێژكارێكی ده‌ره‌كی داوە بۆ هاوكاریكردنی له‌ زامنكردنی مامه‌ڵه‌ و رێككه‌وتنی له‌ ناو كوردستانی عێراق، به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ په‌رده‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی دارایی كه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌ به‌هێزكردنی جێپێی مۆسكۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان