کوردستان

بەرەی گەل: وەڵامی لایەنەکان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی ئەرێنی نەبوون

13/07/2024

دەنگوباس
لەبارەی درووستکردنی هاوپەیمانیەتیەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرەی گەل ڕوونکردنەوەیەك بڵاودەکاتەوە.

بەرەی گەل لە ڕوونکردنەوەکەیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت؛ لەرابردوودا دەستپێشخەرییمان هەبووە و هەوڵمانداوە بەرەیەکی فراوان درووستبکەین بەڵام وەڵامی لایەنەکان ئەرێنی نەبوون، لە ئێستادا لەگەڵ هیچ هێز و لایەنێک لەگفتوگۆدانین بۆ ئەو مەبەستە، هاوکات نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن دەرگای هاوپەیمانیەتی و دروستکردنی بەرەیەکی فراوان لەگەڵ هیچ هێز و لایەن و کەسێکدا داناخەین کە خێر و خۆشی خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستانی بوێت.

دەشڵێت "بەرەی گەل دووپاتی دەکاتەوە کە وەک هێزێکی جەماوەری خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستان ئامادەکردووە و بە پشتیوانی دەنگی ئەو دەنگدەرە بوێر و دلێرانەی کە خواستێکی گەورەی گۆڕانکارییان هەیە و زۆرینەی دەنگدەران پێکدەهێنن لە کوردستان، دەیەوێت گۆڕانکاریی ریشەیی لە حکومڕانی ئەنجام بدات و خەڵکی کوردستان لەم نائومێدی و دۆخە ناهەموارە رزگار بکات".

ئەوەش لەکاتێکدایە ماڵپەڕی درەو بڵاویکردەوە، هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەك دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، کە لە نێوان سێ لایەنی سیاسی بە دیاریکراوی (بزووتنەوەی گۆڕان، بەرەی گەل، دەزگای ستاندارد)ە.

ماڵپەڕی درەو دەشڵێت، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو بڕیار دەدات بە رازی بوون یان رەتكردنەوەی بەرەكە، پێشنیازەکەش بەرپرسانی دەزگای ستاندارد كە تایبەتە بە درووستكردنی بەرەیەك و هاوپەیمانێتیەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کردوویانە.
#بەرەی گەل