دەنگوباس
فەرمانگەکانی پشتی دادگای
سلێمانی دەگوازرێنەوە و شوێنەکەیان دەکرێت بە پارک و بازاڕ.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری
گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی
راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی شارەوانی، تاوتوێی رێكخستن و
گواستنەوەی هەندێك لە فەرمانگەكانی شەقامی پشتی دادگای كۆنی سلێمانی كرا بە
تایبەتی گواستنەوەی پزیشكیی دادی سلێمانی، نەخۆشخانەی منداڵبوون و نەخۆشخانەی
سووتاوی – ئیمێرجینسی بۆ ئەوەی قەرەباڵغی و ئاستەنگیی هاتوچۆی ئەو ناوچەیە كەمتر
بكرێتەوە.
وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە ئەو
فەرمانگانە بگوازرێنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنیان بۆ دیاری نەکراوە و لە شوێنی
ئەوانە پارک و بازاڕ دروستبکرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئەو پرۆژەیە لە قۆناغی دیزاینکردندایە و لەسەر بودجەی
وەبەرهێنان جێبەجێدەکرێت، ئەو وەبەرهێنەی پرۆژەکەی بۆ دەردەچێت، لەبەرامبەر
جێبەجێکردنیدا زەوی پێدەدرێت، وەک ئەو پرۆژانەی دیکەی سلێمانی کە لەماوەی
رابردوودا جێبەجێکراون.
#سلێمانی