دەنگوباس
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دواین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان".
ئەوەش خراوەتەڕوو "جەخت کرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق. پێویستە لەسەر تورکیا رەچاوی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و، لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات".
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریدا، شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەوەش لەپێناو ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە.
#تورکیا