کوردستان

لەسەر داوای تورکیا بافڵ تاڵەبانی کوردستانی جێهێشت

10/07/2024

دەنگوباس
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا و دانیشتنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەرێمی جێهێشت.


بە پێی زانیارییەکانی "دەنگوباس" لە دوێنێوە بافڵ تاڵەبانی لە کوردستان نەماوە و گەڕاوەتەوە بۆ لەندەن.

ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم وەلیش ڕایگەیاند کە بافڵ تاڵەبانی، "لەسەر داوای تورکیا" کوردستانی جێهێشتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجامبدات و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە دەرئەنجامی لێکگەیشتنی لایەنە سیاسییەکان بووە.

پێدەچێت ڕێککەوتنەکە بە خواستی یەکێتی نەبووبێت و ئەوەش یەکێک بێت لە هۆکارەکانی سەفەرەکەی بافڵ تاڵەبانی کە سەرباری ئەوەی حزبەکەی یەکەمی هەڵبژاردن بوو لە کەرکووک، بەڵام نەیتوانی پارێزگار دابنێت.

بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی، تورکیا داوای لە بافڵ تاڵەبانی کردووە کوردستان بەجێبهێڵێت، بۆ ئەوەی بە هۆی ئەو دۆخەوە تووشی "ڕووگیری" نەبێت.
#بافڵ تاڵەبانی
#تورکیا