دەنگوباس
لەگەڵ لێدوانێکی ڕاوێژکاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی بوونی هەماهەنگیی لە نێوان تورکیا و عێراق بۆ لێدان لە پارتی کرێکارانی کوردستان، ناڕەزایەتی لەنێو لایەنە سیاسییەکان دروستبووە و دەڵێن، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق خۆی نەیتوانی لەگەڵ پەکەکە بگاتە ئەنجام، دەستی تورکیای گرتووە و هێناویەتییە عێراق.
ئەوەی وایکردووە گومانی هەبوونی هەماهەنگی بەغدا و ئەنقەرە زیاتر ببێت، بوونی پڕۆژەیەکی هاوبەشی گەشەپێدان و ئابوورییە لەنێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێك وەك پێگەی عالەم جەدید دەڵێت، سودانی ئامادەیە پارێزگای دهۆك بکاتە دیاریی بۆ تورکیا، لەبەرامبەر سەرگرتنی پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان".
مەجاشع تەمیمی، توێژەری کاروباری عێراق بۆ پێگەکە قسەیکردووە و باسی لەوەکردووە، لەمیانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، حکومەتی عێراق لەسەر ئەوە ڕێکەوتووە کە پەکەکە وەك حزبێکی قەدەغەکراو لە عێراق بناسێنێت، بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانەکەش، حکومەت هاوشێوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی گەمارۆدانی پەکەکە لە عێراق دەدات".
تەمیمی دەشڵێت، عێراق هیچ ئامرازێکی بۆ چارەسەری کێشەی پەکەکە نییە، هەر لەبەر ئەوەیە "سیاسەتی ئەمری واقع"ی جێبەجێکردووە و ڕەزامەندیی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لە عێراق داوە.
میدیای تورکی لە نوێترین زانیاریدا باسی لەوەکردووە، عێراق و تورکیا ڕێکەوتوون لەسەر دروستکردنی ناوەندێکی سەربازیی بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هەردوو وڵات دژی پەکەکە، کە لەو چوارچێوەیەدا ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و 27 ناوەندی سەربازیی لەسەر سنورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا دروست دەکرێت.
خالید عەرداوی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا بۆ عالەم جەدید باسی لەوەکردووە، بەغدا و ئەنقەرە چاویان لە پڕۆژەیەکی گەورەترە کە ئەویش ڕێگەی گەشەپێدانە، پڕۆژەکەش بەبێ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات ناگاتە ئەنجام، هەر بۆیە عێراق چاوپۆشیی لە لەشکرکێشییەکانی تورکیا دەکات لەپێناو ئەو پڕۆژەیە.
عەرداوی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەنیا بە یەك بڕیاریی سیاسیی دەتوانرێت بەر بە لەشکرکێشی تورکیا بگیرێت، کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێت بنکە سەربازییەکانی لە عێراق، لە داهاتوودا بکاتە هەمیشەیی.
هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا تا ئێستا ناڕوونە، قسەکەی ڕاوێژکاری سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرچەندە وەك فەرمی تەماشا ناکرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەگەر حکومەتی عێراق بەمشێوەیە بە بێدەنگیی بمێنێتەوە، ئەوا لە ڕۆژانی داهاتوودا ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەریی دژی لەشکرکێشی تورکیا دەستپێدەکات.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) دەڵێت، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا، 162 گوند لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون.
ئەندامەکەی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاشیگەیاند، "ئەم ساڵ سوپای تورکیا 1076 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە، 93%ی ئەو هێرشکردنە بە فڕۆکەی جەنگی بووە، ئەوی دیکەی بۆردوومان بە درۆن و تۆپباران بووە".
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، سوپای تورکیا شەوی ڕابردوو هێزێکی گەورەی بە چەك و ئۆتۆمبێلی قورسی سەربازییەوە بۆ ئامێدی گواستەوە.
#تورکیا