دەنگوباس
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان، کە گرنگی بە متمانەی بانکی و پاراستنی سەرمایەی خەڵک لە بانکەکان دەدات، بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی "هەژماری من" ڕاگەیاند و نووسیویەتی: هەشت بانکە بەشداربووەکەی "هەژماری من" لەلایەن کۆمپانیاکەمان گرەنتی کراون.
ئاماژەى بەوەشکردوە، هەشت بانک لە دەستپێشخەریی "هەژماری من" بەشدارن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد. ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنییە لە خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا".
ڕوونیکردوەتەوە، تاکوو ئێستا هەشت بانکی فەرمی بەشدارییان لە پرۆژەی "هەژماری من" کردووە، کە بریتین لە:
BBAC, TBI, BOB, IDB, RTB, NBI, Cihan Bank, IIB.
ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەرکردنی بانکەکان، بریتییە لە بەرزکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی، بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی، چارەسەری کەڵەکەکردنی پارە و پشتیوانیی بانکەکان لە دۆخی مایەپووچبوون و پاراستنی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا.
حکومەتى هەرێم ڕاشیگەیاند: پرۆژەی هەژماری من، سیستەمی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، کە کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی بەرنامەی بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن پێی هەڵدەستێت؛ تاکوو ئێستا ٨ بانکی فەرمی و دانپێدانراوی عێراقی هاتوونەتە ناو پرۆژەکەوە و خەمڵێنراوە تاکوو کۆتایی ٢٠٢٤ بەشداربووانی بگاتە ملیۆنێک مووچەخۆر.
#ئابووری
#حکومەتی هەرێمی کوردستان
#مووچە