دەنگوباس
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ژنانی قوربانی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان، پشتیوانی ناكرێن و ناپارێزرێن و لەگەڵ ئەوەی ژنانێكی زۆر ڕووبەڕووی لێدان، دەستدرێژی و كوشتن دەبنەوە، بەڵام دادوەرەكان پشتیوانی لە پیاوانی تۆمەتبار دەكەن.
ڕێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا لەبارەی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، مافی زۆرێك لە ژنان لەلایەن سیستی دادوەریی هەرێمی كوردستانەوە نادیدە دەگیرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، زامی ئەوەیان نەكردوە كە بكەرانی توندوتیژیی خێزانی دژبە ژنان، لەوانە حاڵەتەكانی كوشتن، دەستدرێژی سێكسی، لێدان و جنێوپێدان، سوتاندن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ئایا مەزوب، بەڕێوەبەری رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا، وتویەتی، ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزای لە هەرێمی كوردستان لە هەر قۆناغێكدا بۆ دەستهێنانی مافەكانیان، شكست دەهێنن.
ئاماژەى بۆ ئەوەش كردوە كە لەماوەی ساڵی رابردودا لانیكەم 30 ژن لە هەرێمی كوردستان بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە كوژراون و ساڵی بەرلەوەش 40 ژن كوژراون، لەگەڵ ئەوەش رێكخراوە ناحكومییەكان دەڵێن، ژمارەی قوربانیانی ژن لەوە زیاترە.
رێكخراوەكە لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە لە سەرتاسەری عێراق ژنان روبەڕوی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە، هێمای بۆ ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كردوە كە تێیدا ئاشكراكراوە، لە نزیكەی 14 هەزار سكاڵای تۆماركراو لەماوەی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری عێراق، تەنیا لە نزیكەی 100 كەیسییاندا سزا دەرچوە بۆ بكەران.
چالاكوانێكی مافی مرۆڤ بە كەناڵی دویچەڤیلەی ئەڵمانی وتوە، لە گەورەترین گۆڕستانی سلێمانی، نزیكەی 200 گۆڕیی ژنانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی هەن.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەكگرتوەكان، زیاتر لە یەك ملیۆن ژن و كچ لە سەرتاسەری عێراق، لەبەردەم مەترسی توندوتیژیی سێكسیدان.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو ژن و كچانەی ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە لە هەرێمی كوردستان، كاتێكدا بەدوای پشتیوانی حكومەتدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی "كۆسپی مەترسیدار" دەبنەوەو وتوشیەتی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان شكستیان هێناوە لە پاراستنی قوربانیان و روبەڕوكردنەوەی تۆمەتباران بە یاسا.
#باشووری کوردستان
#حکومەتی هەرێمی کوردستان
#سلێمانی