دەنگوباس:
پهرلهمانتارێكى یهكێتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایدهگهیهنێت، بڕیارهكه سیاسییه و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانیی توركیاش ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبوون، بهڵكو وهزارهتى دهرهوهى توركیا بڕیارهكهیداوه.
كاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لەپهرلهمانى عێراق ڕایگەیاند: زیاتر لە 15 مانگە گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرەو توركیا ڕاگیراون، توركیاش ناوبەناو بڕیاری درێژكردنەوەی ئەو ڕاگرتنە دەدات، بەمەبەستی هۆكارەكانی ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ توركیا چەندجارێك لەگەڵ بەرپرسانی فڕۆكەوانیی بەغدا گفتوگۆمان كردوەو بەدواداچونی پێویستمان لەو بارەیەوە كردوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەئەنجامی بەدواداچونەكانمان بۆ هۆكاری ڕاگرتنی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ توركیا، بۆمان دەركەوتوە كە بەبڕیارێكی سیاسیو بەناردنی ئیمهیڵێك لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیا كە ئاراستەی بەرپرسانی فڕۆكەوانیی عێراق كراوە، گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەرەو توركیاو بهپێچهوانهوه ڕاگیراون.
کاروان یاروەیس وتیشی: بۆهەمان پرۆسە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراقیش كۆبوینەتەوەو گفتوگۆمان كردوە لەوەڵامدا ئەوەی پێڕاگەیاندوین كە ئەوە بڕیارێكی سیاسییەو لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی گرفتی سیاسی هەیە، تەنانەت بڕیارەكە هێندە سیاسی بوە دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانیی شارستانیی توركیاش ئاگاداری بڕیارەكە نەبونو بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی توركیاوە دراوە.
ڕۆژى 3ى نیسانی ساڵی ڕابردوو توركیا گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا ڕاگرتووە، دوایین جاریش بڕیاریداوە تاوهكو 8ى 12ى 2024 بڕیارەكە كاری پێبكرێت.
#باشووری کوردستان
#سلێمانی
#تورکیا