کوردستان

بە فشاری مەسعود بارزانی سودانی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای ڕاگرت

04/07/2024

دەنگوباس

دوای دابەشکاری و گۆڕانکاری لە پۆستەکانى پارێزگای نەینەوا بەسەر پێکهاتەکانى پارێزگاکە، بە فشاری مەسعود بارزانی سودانی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای ڕاگرت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا بەبێ بەشداری فراکسیۆنى پارتى کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک لە پۆستە ئیدارییەکانى سنووری پارێزگە ئەنجامدا.

بەپێی گۆڕانکارییەکان قائیمقامی شنگال بەر کەسێکی حەشدی شەعبی کەوتووە و یەکێتیش قائیمقامی مەخموور و دوو بەڕێوەبەری ناحیەی بەرکەوت.

ئەم گۆڕانکاریی و دابەشکارییە پارتى دیموکراتی کوردستان نیگەران کرد و فراکسیۆنەکەى لەناو ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا هەڵپەسارد و داوای هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی ئەنجومەنیدا.

هەروەها بەرپرسانى پارتى بە ئاشکرا ڕایانگەیاند، کە هیچ پۆستێک ڕادەستى کەس ناکەن و دەبێت ئەنجومەنى پارێزگا بڕیارەکانى هەڵوەشێنێتەوە.

نیگەرانییەکانى پارتى زیاتر لەسەر پۆستی قائیمقامی شنگال و مەخموورە کە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بەدەست پارتى بوون، بۆیە ئێستا ئامادە نییە سازش لەسەر ئەو پۆستانە بکات، بەتایبەت بۆ یەکێتى کە دوو کورسی هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بەڵام پارتى چوار کورسی هەیە.

بەپێی زانیارییەکان لەسەردانەکەى دوێنێی مەسعود بارزانى بۆ بەغدا، داوا لە سودانی کردوە بڕیارەکانى ئەنجومەنى پارێزگا هەڵبوەشێنێتەوە، لەبەرامبەریشدا سودانى بەڵێنیداوە بڕیارەکان ڕابگرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.


#پارتی دیموکراتی کوردستان
#عێراق
#مەسعود بارزانی