دەنگوباس
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست "دەنگوباس" کەوتوون، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕازی نەبووە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکەی دوێنێی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا بکات کە لە بەغدا بەڕێوەچوو.
دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا کە ڕۆژی چوارشەممە مەسعود بارزانی سەردانی بەغدا دەکات، بافڵ تاڵەبانی چەند کاتژمێرێک پێش مەسعود بارزانی خۆی گەیاندە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە شیعەکان کۆبووەوە.
پێشتر "دەنگوباس" ئاشکرای کردبوو کە بافڵ تاڵەبانی لە ڕێی سەرکردە شیعەکانەوە، بە تایبەتیش نوری مالیکی، هەوڵی بینینی بارزانی داوە، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار ئێوارەخوانێک لەسەر شەرەفی بارزانی بۆ سەرکردە سیاسییەکان ڕێک بخات، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە بافڵ تاڵەبانی لەوێ دەبێت یان نا.
#بافڵ تاڵەبانی
#مەسعود بارزانی