کوردستان

قەیرانى بەنزین لە هەولێر سەرهەڵدەداتەوەو شۆفێران نۆرە دەگرن

04/07/2024

دەنگوباس
بەهۆی گرانی و کەمی نرخی بەنزینی بازرگانى، شۆفێران لە شاری هەولێر نۆرەى دورودرێژیان گرتووە بۆ وەرگرتنى بەنزینى 750 دینارى.


کەمی و بەرزبوونەوەى نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە گشتیی و شاری هەولێر بەتایبەتى وایکردوە کە شۆفێران نۆرەى دوورودرێژ بگرن بۆ بەنزینى ٧٥٠ دیناری.

ئەم جۆرەیان کە شۆفێران نۆرەیان بۆ گرتووە بەنزینی ٧٥٠ دیناری حکومییە، لەکاتێکدا هەر لە هەولێر چەند بەنزینخانەیەک هەیە بەنزینیى حکومەتى عێراقە بە ٤٥٠ دینار دەدرێت بە شۆفێرانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

شۆفێرێک بۆ کەی ئێن ئێن ئاماژە بەوە دەکات، هەموو ساڵێک لەم کاتانەدا نرخی هەموو شتێک بەرز دەبێتەوە و حکومەت هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتى نەدۆزیوەتەوە.
دەشڵێت: ٣٠٠ دینار زیاتر لە نرخی بەنزینی عێراق دەدەین بە بەنزینى خۆمان، ڕازیشین، کەچی سەرەمان بەر ناکەوێت.

سەبارەت بە نرخی بەنزینی بازرگانیش لە دوو هەفتەى ڕابردوودا نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزینی موحەسەن و نۆرماڵ و سۆپەر ١٠٠ دینار لە هەولێر و ٥٠ دینار لە سلێمانی زیادی کردووە.

خاوەنى بەنزینخانەکان هۆکاری کەمی و گرانى بەنزین دەگەڕێننەوە بۆ زۆری خواست لەسەر بەنزین لە وەرزی هاوین و هاتنى گەشتیاری زۆر بۆ هەرێمی کوردستان.





#ئابووری
#هەولێر