کوردستان

یەکێتی لە سلێمانی ڕێگریی لە چالاکیی دژی تورکیا دەکات

03/07/2024

دەنگوباس
ئاسایشی سلێمانی ڕێگەی نەدا ڕووماڵی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی لە دژی هێرشەکانی تورکیا بکرێت، هاوکات هیچ هۆکارێکیان لەبارەی ئەو ڕێگرییە بڵاو نەکردووەتەوە.


پێشتر "دەنگوباس" زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕێی نێوەندگیرەوە پەیامی بۆ تورکیا ناردووە و تێیدا ڕەزامەندی بۆ بە ئامانجگرتنی پە*کە*کە لە سنووری ئیدارەی سلێمانی دەربڕیووە.

یەکێتی ئامادەییشی دەربڕیوە کە زانیاری هەواڵگریی لەگەڵ تورکیا ئاڵوگۆڕ بکات دەربارەی ئەو ئامانجانەی جێی مەبەستی ئەنقەرەن، هەروەک چۆن پارتی لە سنووری ناوچەکانی ژێر دەستی دەیکات.

هەر بە پێی ئەو پەیامەی بۆ تورکیا نێردراوە، یەکێتی بێدەنگیی دەکات بەرامبەر هەر هێرشێکی تورکیا و خۆی لە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و ئیدانەکردنێکی فەرمیی بەدوور دەگرێت، هەروەک چۆن لە بەرامبەر تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانیدا بینرا.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی دژە تیرۆری پارتی، لە تەقینەوەکەی سلێمانیدا دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادی کە بە لقی پە*کە*کە لە هەرێمی کوردستان دادەنرێن، بە سەختی برینداربوون.


#تورکیا
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان