دەنگوباس
حەییان
عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێڕاق بە میدیای پارتى ڕاگەیاندوە: لە گفتوگۆکان لەگەڵ
هەرێمی کوردستان بەردەوامین و هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا، دەست بە
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
ئاماژەی
بەوەشکردوە، ئەو ڕێککەوتنەی ئیمزا کراوە لە نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی
کوردستان لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە،
بنەمای گفتوگۆکانە.
هەروەها
وەزیری نەوتی عێراق وتیشی: لە کۆبوونەوەکاندا بە بەشداری کۆمپانیاکان گفتوگۆی
ڕاشکاوانە و بنیاتنەرانەیان کردووە و ئاشکراشی کرد: گفتوگۆیان لەبارەی
هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانیش کردووە بۆ گونجاندنی لەگەڵ گرێبەستەکانی حکوومەتی
عێراق.
عەبدولغەنی
ئەوەشی خستەڕوو، تێگەیشتن هەیە بۆ کڕینی غازی بەرهەم هاتوو لەلایەن کۆمپانیای
دانەگاز بە مەبەستی بەرهەمێهانی کارەبا، کە ئەو کۆمپانیایە گرێبەستی لەگەڵ
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
وەزیری
نەوتی عێراق ڕوونیشیکردەوە، هەرچەندە عێراق گاز لە ئێرانی دراوسێی دەکڕێت، بەڵام
پێویستی بە قەبارەی زیاتری گاز هەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆیە لە داهاتوودا
گرێبەستی زیاتر لەو بوارە ئەنجام دەدەن.
لەبارەی
وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوتی عێراق وتی:
هیچ وادەیەکی دیاری کراو نییە، بەڵام هیچ دابڕانێک نییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و
بەردەوام لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە
زانیارییەکان دەگۆڕنەوە و گفتوگۆ دەکەن.
#ئابووری
#عێراق
#نەوت
#حکومەتی هەرێمی کوردستان