کوردستان

گۆڕان: ئەوانەى لەسەر داوای ئێمە پلەیان بەرزکراوەتەوە پێشتر سزای سیاسی دراون

02/07/2024

دەنگوباس:

بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەى هەواڵێکەوە کە پێشتر ڕۆژنامەنووس سەرتیپ جەوهەر بڵاویکردەوە، ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەى کە لەسەر داوای گۆڕان پلەیان بەرزکراوەتەوە پێشتر لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە سزای سیاسی دراون.

 
لە ڕوونکردنەوەیەکدا بزووتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند: چەند دەزگا و پەیجێکى میدیایی زانیارى نوسینێکی (سەرتیپ جەوهەر)یان بڵاوکردەوە کە گوایە لەسەر داواکارى بزوتنەوەى گۆڕان دەیان ئەفسەر پلەیان بەرزکراوەتەوە، بۆیە بەپێویستى دەزانین ئەو هەڵە و چەواشەکارییە راست بکەینەوە و زانیارییەکان وەک خۆیان بگەیەنرێن بە خەڵکى کوردستان.

ئاماژەى بەوەشکردوە، جگە لەوەى نوسینەکە بێ بەدواداچوون و وردەکارى بڵاوکراوەتەوە، نەزانى یان مەرام و مەبەستى تایبەت لە پشتیەوەیەتى، چونکە بزووتنەوەى گۆڕان بە ڕوون و ڕاشکاوى هەمیشە لەگەڵ پێدانى هەموو مافێکى ڕەواى خەڵک و موچەخۆران و کارمەندانى دامەزراوەکاندا بووە بێ جیاوازى و جیاکارى.

 

گۆڕان دەشڵێت: ئەو بابەتەش کە وروژێنراوە پەیوەستە بەو سزادراوە سیاسییانەى لەسەر بیر و بۆچوونى جیاوازو گۆڕانخوازیان لەسەر دەستى دو حیزبى دەسەڵات لە چەند ساڵى رابردودا سزادراون و نانبڕاوکراون یان رێگرى لە پلەبەرزکردنەوەیان کراوە، واتە مافخوراو بون، نەک ئیمتیازیان پێ درابێت.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا بزووتنەوەى گۆڕان وتیشی: پێویست بو ناوبراو کە خۆى بە نوسەر و داکۆکیکار دەزانێت، پشتیوانمان بێت و داکۆکى لەو دەیان تێکۆشەر و پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدارانە بکردایە بۆ قەرەبوکردنەوەیان، کە تەنها بەهۆى بیر و راى جیاوازى سیاسى و وەستانەوە دژى گەندەڵى و نادادى و پەرۆشى بۆ خەڵکى کوردستان؛ ساڵانێکە سزادراون و دەستخراوەتە قوتى خۆیان و خێزانیان و پلەى شایستەیان پێ رەوا نەبینراوە، نەک لە قوربانییەوە بیانکاتە ستەمکار و داوابکات داواکارى گشتى بێتە سەرخەت.

هەروەها گۆڕان ئەوەشى خستەڕوو، ئەو دەیان و سەدان کەسە لەوانەن کە قوربانیی خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتى حیزبە حوکمڕانەکان بوون و سزاى سیاسى دراون، دەشڵێت: بۆیە بەشانازییەوە بە ئەرکى خۆمان زانیوە داکۆکى لە کەیسەکانیان بکەین و مافەکانیان لە بڕینى موچە و قوتى خۆیان و خێزانیان، پلەى شایستەى هاوپیشە و هاوسەنگەرەکانیان بۆ بگەڕێنینەوە و ئەوپەڕى هەوڵى خۆشمان بەگەڕ دەخەین بۆ گەڕانەوەى قوت و پلەى ئەوانەى هێشتا سزاکانیان لەسەر هەڵنەگیراوە.


#باشووری کوردستان
#گۆڕان