کوردستان

دۆسییەکی گەورەی نهێنی بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتدا ئاشکرا دەبێت

30/06/2024

دەنگوباس

ڕۆژنامەنووسێک دۆسییەک ئاشکرا دەکات کە باسی لەوە کردوە دەیان ئەفسەر بەنا یاسایی پلەكانیان دەکرێتە لیوا، بەوتەى خۆشی ئەو کارە لەسەر داوای بزووتنەوەى گۆڕان کراوە، بۆیە داوا لە وەزیری دارایی دەکات لەسەر ئەو مەلەفە ڕوونکردنەوە بدات.

سەرتیپ جەوهەر ڕۆژنامەنووس لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسینێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا ئاماژەى بە دۆسییەی نهێنی کردوە کە لەسەر داوای بزووتنەوەى گۆڕان کراوە و دەڵێت: سەدان ئەفسەری خانەنشین بەناقانونی بەئیمزای سەرۆكی حكومەت پلەیان بەرزدەكرێتەوە، بەپێی سەرچاوەیەك پلە بەرزكردنەوەكان لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان بووە.

ئاماژەى بەوە کردوە، بە ئیمزای مەسرور بارزانیی سەرۆكی حكومەت 186 ئەفسەرو پلەداری خانەنشین بەناوی ڕاستكردنەوە، پلەكانیان بەرزدەكرێتەوە كە دەیان لیوا-و عەمیدو عەقید و پلەسەربازییەكانی دیكە لەخۆ دەگرێت.

دەشڵێت: بەپێی سەرچاوەیەك ئەم پلە بەرزكردنەوەیە بەناوی راستكردنەوەی پلە لەدەرەوەی هەموو قانونێك لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان بووە بۆ ئەو ئەفسەرو پلەدارانەی سەر بەبزوتنەوەی گۆڕان بوون بەشێكیان پێشتر لەهێزەكانی پێشمەرگە، پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا وەزارەتی دارایی لایە لەحكومەتی هەرێم روونكردنەوەی پێویست لەوبارەیەوە بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە كە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەتی بەناوی یاسای چاكسازیی ژمارە (2) ساڵی 2020 دەركردووە بۆ لابردن و نەهێشتنی ئەو هەزاران زێدەڕۆییەی لە پێدانی پلە وەزیفی و سەربازییەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم لەدەرەوەی قانون وەك ئیمتیاز دراوەتە ئەندامانی حزب.

ئەو ڕۆژنامەنووسە بە پێویستی دەزانێت کە لەسەر داواكاری گشتیی بەدواداچوون بۆ ئەو كارە ناقانونییەی حكومەت بكات و سكاڵا لەدژی ئەو بڕیارە تۆماربكات.


#گۆڕان
#مەسرور بارزانی
#پێشمەرگە
#حکومەتی هەرێمی کوردستان