راپۆرت و چاوپێکەوتن

بازاڕی قردێلە بڕین و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی حکومەتی هەرێم پێش هەڵبژاردن گەرمە

30/06/2024

دەنگوباس
چەند مانگێکی کەم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بازاڕی پڕۆژەکانی گەرمە، ئەو پڕۆژانەی چوار ساڵە کاری لەسەر نەکردون و بەم درەنگ وەختە بیری کەوتووەتەوە.


ڕۆژی یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە هەڵەبجە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت لە چەمچەماڵ بوون، هەریەکەیان بە جیا بەردی بناغەی چەند چەند پڕۆژەیەکیان دانا، کە وەك خۆیان دەڵێن پڕۆژەکانیان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، لەکاتێکدا ئەو کێشانە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامیی هەیە و تازە حکومەتی هەرێم بیری چارەسەرکردنیانی کەوتووەتەوە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو حکومەتەکان هیچ کاتێك بەر لە هەڵبژاردن پڕۆژەی نوێ ڕاناگەیەنن، بەڵکو پڕۆژە کۆنەکانیان کە لەماوەی حوکمڕانیەکەیان جێبەجێیان کردوون، بیری خەڵکیی دەخەنەوە، هاوکات بانگەشەی هەڵبژاردنەکەیان بۆ چوار ساڵی داهاتوویان بریتی دەبێت لە پڕۆژەی نوێ.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە جیاوازە، پڕۆژە هەیە سێ کابینە کە دەکاتە 12 ساڵ بەڵێنی تەواوکردنی داوە، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە تەواو نەبووە و جارێکی دیکەش پارتی و یەکێتی کێشەیان نییە و دەیکەنەوە بە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن. پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بە نمونە.

خەڵکی خورماڵ 'کوڵەباڵی هەورامان' وەک دیاری بە مەسرور بارزانی دەدەن، ئەوەش بەهۆی بڕیاری بە قەزاکردنی خورماڵ، بەڵام خورماڵ تەنها بە ناو کراوەتە قەزا و هیچ شایستەیەکی وەك قەزا بۆ تەرخان نەکراوە.

لە ناڕەزایەتییەوە بۆ ستایش؛

ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ئامادەی بوو رایگەیاند: بۆ مێژوو ئەیڵێم (9) داواكاری و یاداشتمان خستە بەردەستی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ مێژوو ئەیڵێم (9) نا (20) داواكاری و یاداشتیش بوایە بوایە بەڕێزیان بۆی جێبەجێ دەكردین.

ئەوەش لەکاتێكدایە، پێشتر خودی ئازاد تۆفیق لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕەخنەی لەوە دەگرت کە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پەراوێز خراوە و هیچ خزمەتگوزارییەکی پێناگات.

مەسرور بارزانی خەڵک لەبەرەی خۆی دادەنێت بەڵام پاسەوانەکانی لەخەڵک دەدەن

ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، لە هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا دیاری خەڵکی خورماڵی وەرگرت و وتی: خەڵک و حکومەت لەبەرەی یەکترن.

بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی، گرژیی لەنێوان ژمارەیەك گەنج و پاسەوانەکانی مەسرور بارزانی دروستبوو، گەنجێكی خەڵكی خورماڵ لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەمرۆ سەرۆكی حكومەت بە شارۆچكەكەماندا تێپەڕی، وەک ژمارەیەک گەنجی بێکار لەسنووری خورماڵ ویستمان بگەین بە سەرۆکی حکومەت و لە نزیکەوە بیبینین تا داواکارییەکانی  خۆمانی پێبەگەیەنین.

ئەو گەنجە دەڵیت "بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانی مەسروور بارزانیەوە رووبەڕوومان بوونەوە و  هێرشیان کردە سەرمان و ئازاریانداین".
#باشووری کوردستان
#قوباد تاڵەبانی
#مەسرور بارزانی