دەنگوباس:
حاکم قادر حەمەجان ڕایگەیاند، بەم لێکترازاوییەی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، هەرگیز پێشبینی ئەوە مەکەن کە ئەو قەیران و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە چارەسەر ببن، بەڵکو دۆخی سەختتر بەڕێوەدەبێت.
حاکم قادر حەمەجان، لەمیانى بەشداریکردنى وتارێک لە سیمینارێکدا ڕایگەیاند: پێویستە کۆتایی بە کۆچی گەنجان بهێنرێت و ئەوەش تەنها بەوە دەبێت کە ژیانێکی شایستەیان بۆ دروست بکرێت و ئەرکی حکومەتی هەرێمە هەڵوێستەی جددی لەسەر کۆچی گەنجان بکات و هەلی کاری گونجاو و دامەزاندنیان لە فەرمانگەكان بە پێی پێویستی بۆ بڕەخسێنێت
حاکم قادر وتیشی: دوورکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هێندەی دیکە هەرێمی بەرامبەر بەغدا لاوازکردووە و هۆکارە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر لە هەرێم بکرێت و قەیرانی گەورەتر ڕووبەرووی خەڵکی کوردستان ببێتەوە، بە داخەوە لایەنە سیاسییەکان لەیادیان کردوە کە هەر کاتێک لێک نزیکبووبن دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و دۆخی گوزەرانی گەلی کوردستان باش بووە، بە پێچەوانەشەوە هەر کاتێک ناتەبا و لێکترازاوبووبن ڕاستەوخۆ دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیانیش خراپتر بووە، هەرگیزیش چاوەڕێی چارەسەربوونی ئەم دۆخە مەبن گەر ئەو لێکترازانە قوڵەی ئێستا دروستبووە چارەسەر نەکرێت.
حاکم قادر جەختیشی کردەوە تاکە ڕێگا بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە دانیشتن و گفتوگۆکردن و دیالۆگ و نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی بنیاتنەرانەی نێوان لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو پڕۆژەیەكی ھاوبەشی ستراتیجی نیشتیمانی و نەتەوەی، پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە تایبەت ئێمە و پارتی پەند لە مێژوو وەربگرین، گەرنا مێژووش زۆر خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە هەر گەلی کوردستان باجەکەی دەدات.
هەروەها حاکم قادر ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا کە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاریکراوە، پێویستە هەموو لایەک کارئاسانی بکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەردەمیانە و دوور لە ھەموو دەستوەردانێك لەو کاتەدا بەڕێوەبچێت.
#باشووری کوردستان