دەنگوباس:
فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند: چەند رۆژێكە ئۆپراسیۆنی سوپای توركیا بەردەوامە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەكە زەرەرو زیانێكی زۆر گەیشتووە بە باغ و ڕەزی هاوڵاتیانی ناوچەكە وە بۆتە ماییەی بێزاركردنی هاوڵاتیانی ناوچەكە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنى یەکێتى ڕایگەیاند، ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین ئەم پێشێلكاریانەی سەرخاكی هەرێمی كوردستان و سەروەری عیراق شەرمەزار دەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسی، هەروەها پێشێل كردنی یاسا نێو دەولەتیەكانە .
فراکسیۆنى یەکێتى دەشڵێت: پێویستە حكومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدرال ڕێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكاریانەی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەی عێراق، بێ دەنگی حكومەتی عیراق و بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێم لەهەمبەر ئۆپراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا لەسەرخاكی هەرێمی كوردستان، كە پێشێل كردنی سەروەری عیراق و یاسا و رێسا نێودەڵەتیەكانە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عیراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتیانی خۆی بەتایبەتی.
هەروەها فراکسیۆنى یەکێتى باسی لەوەشکرد، بەردەوامی ئەم پێشێلكاریانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە تائێستا عیراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بكات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلكاریانەبداتەوە، بۆیە داواكارین حكومەتی فیدرال بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكاریانە كە ئامانج لێی تەنها تێكدانی ئارامی وڵات و پێشێلكردنی سەروەری عیراقە.
هاوکات فراکسیۆنە یەکێتى وتیشی: داواكارین قەربووی كەس و كاری شەهیدەكان و زەرەرو زیانی هاوڵاتیان بكرێتەوە هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا وەك فراكسیۆنی یەكێتی ئەم داوایەمان ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی فیدڕال كردوە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتوان .
#باشووری کوردستان
#تورکیا
#پەکەکە
#عێراق