کوردستان

دەنگوباس زانیاری نوێى لەسەر جوڵەی هاوبەشی سوپای تورکیا و پارتى ئاشکرا دەکات

27/06/2024

دەنگوباس

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست "دەنگوباس" کەوتوون، ئەو هێزەی کە سوپای تورکیا بۆ گوندەکانی بادینانی ناردووە، هێزی تایبەتی "کۆماندۆ"یە.

پلانەکەش وا دارێژراوە کە هێزی "ڕۆژ" و زێرەڤانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی گەریلادا هاوکاریان بن، هەروەک ئێستا پارتی ئاسانکارییان بۆ دەکات.

سەرچاوەکەی "دەنگوباس" ئەوەشی خستەڕوو، کە گەریلا دوای ئاگاداربوونیان لە پلانەکەی تورکیا و پارتی، هێزە تایبەتەکانی لە چیا ستراتیژییەکانی گارە، مەتینا، زاپ و قەندیل خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

سەرچاوەکە وتیشی:گارە و قەندیل ئامانجی سەرەکی تورکیان، هەر بۆیە گەریلاش ئامادەکارییەکی گەورەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە کردووە.

سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، شانبەشانی ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سوپای تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت لە نێو شارەکانی کوردستان و ئەوروپاش چالاکی مەدەنی لە دژی شەڕەکە ئەنجام دەدرێت.


#پەکەکە
#پارتی دیموکراتی کوردستان
#تورکیا