دەنگوباس
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەى ئاسایی خۆی ئەنجامدا و بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش باس لە دابەشكردنی مووچەكراوە و ئەنجومەنەكە داوای لە بەغداد كرد بە زوویی مووچەی مانگی ئایاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بنێرێت و داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێم كرا پەلە بكات لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغداد.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تێیدا هاتووە: لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، باسی دۆخی كارەبا كرا و ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێكی وەزیری كارەبای پەسەندكرد سەبارەت بە بڕیارێكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی رێژەی 20% پارەی كەڵەكەبووی كارەبای هاوڵاتییان و بڕیاردرا تا 31ی تەمموزی ئەمساڵ رێژەی داشكاندنەكە بەردەوامدەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بڕگەی دووەمدا باس لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئەمساڵی حەج و رێكارەكانی وەزارەت لەمبارەیەوە كرا و ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی راسپارد كە بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆكارەكانی گیانلەدەستدانی بەشێك لە حاجییانی هەرێمی كوردستان بكۆڵنەوە و هەموو رێكارێك بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوودا.
هەروەها لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بابەتی پەیوەندیدار بە مووچە كرا و ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە كە خوازیاری چارەسەركردنی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم خەرجكردنی مووچەی هەرێمی كوردستانە، سەرجەم وەزارەتەكانیش راسپێردران كە پێویستە بەردەوامبن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاكی هەرێم لە كاتی خۆیدا و بەردەوامبن لە پێشكەشكردنی كارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.
هاوكات، ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەكان، داوایكرد كە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین كات مووچەكانیان خەرجبكات بە تایبەتیش كە لە دوا هەنگاودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاریی پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كردووە و هیچ بیانوویەك بۆ نەناردنی مووچەكانیان نەماوە.
هەر لە بارەی مووچەوە ئاماژە بەوەشكراوە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری راسپارد پەلەبكەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغداد و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
#حکومەتی هەرێمی کوردستان
#مووچە