دەنگوباس
وتەبێژی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاشکرایدەکات، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەسەرباز و هێزی تایبەتی تورکیا بە چەکی قورسەوە، لەژێر چاودێری فڕۆکەدا لە ناوچەی کانی ماسی پارێزگای دهۆکەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە بە دەنگوباسی ڕاگەیاند، پێدەچێت هاتنی ئەو هێزەی تورکیا ئامانجیان فراوانکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامە بێت کە لە چیای مەتینا بەڕێوەدەچێت.
بەوتەی زاگرۆس هیوا، هێزەکەی تورکیا لەزیاتر لە هەزار سەرباز و هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆن پێکدێت، لەژێر چاودێری درۆن و هەلیکۆپتەرو فڕۆکەی شەڕکەردا بە چەک و جبەخانەی قورسەوە و تەواوی کەلوپەلی سەربازییەوە، لە سنوری سەرزێڕێ لەکانی ماسی هاتوونەتە خاکی باشوری کوردستان بون.
هاوکات شەوی ڕابردوو فەیلەقی وەعد سادق کە سەر بە بەرەی مقاوەمەی عێراقییە و بەشێكە لە حەشدی شەعبی، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، "سوپای تورکیای پێشێلکاریی وشکانیی نوێی کردووەتە سەر هەندێک لە گوندەکان، ئەوەش بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق".
فەیلەقی وەعد سادق ڕەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا دەگرێت و دەڵێت "جێگەی سەرسوڕمانە ئەو بێدەنگییە و ئامادەین بۆ دەرپەڕاندنی تورکیا لە خاکی عێراق، وەك چۆن هەمان کارمان بەرامبەر داعش کردووە و دەکەین".
#تورکیا
#باشووری کوردستان