دەنگوباس
ماوەی چەند ڕۆژێکە تورکیا نزیکەى ١٥ هەزار
سەربازی هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، لە بەرواری باڵاوە بەرەو ناوچەکانی دیکە
بڵاوەیان پێکراوە و سەنگەر و بنکەیان دامەزراندوە و بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە بەناوچەکەدا
بڵاوبوونەتەوە.
هێزەکانى سوپای تورکیا بە شەوانە دەچنە ناو
گوند و شارو شارۆچکەکانەوە و نمایشی سەربازی دەکەن بۆ چاوترساندنى خەڵک، لە زۆربەى
ناوچەکانیش قەدەغەی هاتووچۆیان کردوە و ڕێگە بە جوڵە و هاتووچۆی هاوڵاتییان و
جووتیاران نادەن بچنە سەر موڵکەکانیان.
بەپێی زانیارییەکانى دەنگوباس سەربازانى
تورکیا لەچەند شەقام و ڕێگایەکی سەرەکی ئامێدی بازگەیان داناوە و ئۆتۆمبێلی خەڵکی
دەپشکنن، هاوکات ناسنامە لە خەڵک وەردەگرن و لێکۆڵینەوە لە هاوڵاتییان دەکەن و
پرسیاری تایبەتیان لێدەکەن.
ئامانجی سەرەکی ناردنى ئەو هێزە زەبەلاحەى
تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنە دژی بنکەو بارەگاکانى پەکەکە، بۆ ئەوەش
بڕیارە لە کاتژمێری سفردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاری
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن بدات.
ئەوەى ئێستا دەکرێت تەنیا ئامادەکارییە بۆ
ئەو ئۆپەراسیۆنە و بڕیارە ناوچەیەکی فراوانی هەرێم بگرێتەوە، ئەوەش بە چاوساغی
پارتى و هەڵکردنى گڵۆپی سەوزی عێراق بەڕێوە دەچێت.
مانگی ئایاری ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەردانى بەغدای کردو ٢٦ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنى لەگەڵ بەرپرسانى باڵای عێراق
واژووکرد، یەکێک لەو پرسانەش دژایەتى و ڕووبەڕووبوونەوەى پەکەکە بوو کە هەردوولا
لەبواری سەربازی و هەواڵگیریدا یارمەتى یەکتر بدەن و دژی پەکەکە بووەستنەوە.
ئەگەرچی بە عێراق بە نووسین و بە فەرمی هیچ
بەڵێنێکی بۆ هێرشکردنە سەر بنکەو بارەگاکانى پەکەکە لە خاکی هەرێمدا بە تورکیا
نەداوە، بەڵام لە پشتى پەردەوە عێراق لەڕووی هەواڵگیرییەوە پشتیوانى هێرشەکان و
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمجارەی تورکیا دەکات.
پارتیش وەک دۆستێکی تورکیا لە زۆربەى ڕووەکانەوە پشتیوانى لەسەرجەم
هێرشەکانى تورکیا دەکات و هێز و توانا ئابووری و تەکنیکییەکانى بۆ پشتیوانی لە
تورکیا دەربڕیوە و لەسەرجەم ناوچەکان لە پاڵ سەربازانى تورکیا هێزی پێشمەرگەی
پارتى دەبیندرێت و لەچەند ناوچەیەکیش بارەگاکانیان بە تەنیشتی یەکترەوەیە.
حکومەتى عێراق لەسەر هەموو ئەو هێرشە ئاسمانى
و زەمینیانەى تورکیا دەیانکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردوە و وەک
بڵێیت ڕازییە بەو هێرش و ئۆپەراسیۆنانە، لەکاتێکدا عێراق چەندین کارتى لەبەر
دەستدایە دژی تورکیا بەکاریان بهێنێت بۆ وەستانی ئەو هێرشانە، بەڵام تائێستا هیچ
هەڵوێستێکی نەبووە.
لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ تورکیا تۆپبارانی هاوینەهەواری (پەرەخ)ی سەر
بەپارێزگای دهۆک کرد بەهۆیەوە ١٣ کەس کوژران و ٣٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، عێراق
کاردانەوەى زۆر توندی بەرامبەر ئەو تۆپبارانە دەربڕی و تا ئاستى ئەوەى لە
ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى سکاڵای تۆمار کرد، هاوکات باڵیۆزی تورکیاشی لە عێراق
دەرکرد، ئەو کاردانەوەیەش یەکەمجارە لە عێراق ببیندرێت، چونکە کاردانەوەیەکی زۆر
توندو جێبەجێکار بوو، ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ئەو هاوڵاتییانە گەشتیاری
خواروو و ناوەڕاستى عێراق بوون.
لەماوەی ساڵی ٢٠١٥ وە تا ئێستا ٢٦١ هاوڵاتیی هەرێم بەهۆی بۆردوومان و
تۆپاباران و هێرشەکانى تورکیاوە شەهید بوون و نزیکەى ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون،
بەڵام حکومەتى عێراق هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر کردنە ئامانجی هاوڵاتییانى هەرێمی
نەبووە و بەردەوام پەیوەندییەکانى لەگەڵ تورکیا پەرە پێداوە.
لەئیستاشدا کە حکومەتى تورکیا بریاری ئۆپەراسیۆنى لەدژی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمدداوە، حکومەتى
عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردوە و لەڕووی هەواڵگیری و لە پشتى پەردەوەوە
هاوکاریی پێشکەشی تورکیا دەکات.
ئەردۆغان ڕایگەیاند لە وەرزی هاویندا دەست بە
ئۆپەراسیۆنەکانى لە دژی پەکەکە دەستپێدەکەن و بۆ ئەوەش هەولێر و بەغدا پشتیوانی
دەکەن و یارمەتی پێشکەش دەکەن، بۆیە لە شەوێکدا ئۆپەراسیۆنەکەیان دەست پێدەکەن.
لەبەرامبەردا پارتى کرێکارانى کوردستان
دەڵێت، تورکیا ئۆپەراسیۆنەکەی لەمانگی ئازارەوە دەستپێکردوە، بەڵام لەسەرجەم
بەرەکانى شەڕدا شکستى هێناوە و زیانى گەورەی گیانی زۆریان لە سوپای تورکیاداوە، بۆ
ئەوەش بە ڤیدیۆ چالاکییەکانیان لەدژی سوپای تورکیا و ئەو سەنگەرو بارەگایانەى
هێرشی دەکەنە سەر بڵاودەکەنەوە.
پەکەکە دەڵێت، تورکیا ئەگەر ئۆپەراسیۆن
ئەنجام بدات، ئەوا هەرێم دەگەنە گۆڕستانى سەربازەکانى تورکیا و وەک دەیان ساڵی
ڕابردوو شکست بەخەون و خەیاڵی تورکیا دەهێنن، چونکە تورکیا بەبیانووی پەکەکەوە
دێت، بەڵام لە بنەمادا بۆ داگیرکردنى خاکی باشووری کوردستان دێت و ئامانجی
جێبەجێکردنى نەخشەى میساقی میللییە.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی ئێستا سوپای
تورکیا ٨٥ بنکەو بارەگای سەرەکی لە هەرێمدا هەیە و جێگیری کردوە، هاوکات بە قوڵایی
٤٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و نزیکەى ٢٥ هەزار سەربازو
ئەندامی میت ئێستا لەو بنکەو بارەگایانەدا هەن.
تورکیا لە ساڵی ١٩٩١ وە یەکەم بارەگای خۆی لە
هەرێمی کوردستان لە سنووری ناحیەى بامەڕنێ جێگیر کردوە و لەو کاتەوە ساڵ بە ساڵ
بنکەو بارەگاکانى لە هەرێمی کوردستان و ژمارەى سەربازەکانى لە هەرێم زیاتر کردوە،
هاتنى بە بیانووی شەڕی دژی پەکەکەیە، بەڵام مێژووی تورکیا سەلماندوویەتى سوپای
تورکیا چووبێتە هەر وڵات و ناوچەیەکەوە پاشەکشەى نەکردوەو تیایدا ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٨٢ ڕژێمی بەعس بەسەرۆکایەتى سەدام
حسێن و حکومەتى تورکیا ڕێککەوتنێکی ئەمنیان واژووکرد، کە هەردوولا ڕێککەوتن جوڵانەوەى
کوردی لەو وڵاتەکانى یەکتردا لەناوبەرن، بۆ ئەوەش هەرلایەکیان دەتوانن ٥-١٠ کیلۆمەتر
سوپا بنێرنە خاکی یەکترەوە مەرجێک لە مانەوەی لە سێ ڕۆژ زیاتر نەبێت، ساڵی ٢٠٠٣ کە
ڕژێمی سەدام ڕووخا ئەو ڕێککەوتنە کاری پێکرا، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا بە کەڵک
وەرگرتن لەو دۆخەی عێراقی دوای سەدامی تێدایە زیاتر هاتە ناو عێراقەوە و تا ئەم
ساتە نزیکەى ٤٥ کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراقدایە بەبێ ئەوەى خواستى عێراقی لەسەر
بووبێت.
#باشووری کوردستان
#پەکەکە
#تورکیا
#عێراق
#پارتی دیموکراتی کوردستان