دەنگوباس
ئەمریکا بەرپرسانی لوبنان و حیزبوڵڵای ئاگادار کردۆتەوە کە ئیسرائیل سورە لەسەر هێرشکردنە سەر باشوری لوبنان و ئەگەری هەیە لە چەند هەفتەی داهاتودا هێرشەکە ئەنجام بدات، هەربۆیە ئەمریکا داوای لە حیزبوڵڵا کردوە ئاڵۆزییەکانی باشوری لوبنان هێواش بکاتەوەو هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرێت.
ئێستا چاوی جیهان لەسەر فراوانبوونی بەرەی جەنگی ئیسرائیلە بۆ نێو خاکی لوبنان و بە دیاریکراویش باشووری لوبنان، لە عێراق جگە لە هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان، جوڵەیەکی دیبلۆماسیش دەستیپێکردووە و وادیارە عێراق دەیەوێت لە دەرگای دیبلۆماسیشەوە بەڕووی ئیسرائیل بوەستێتەوە، ئەویش کردنەوەی ئۆفیسی بزوتنەوەی حەماسە لەنێو خاکی عێراق و لە شاری بەغدا.
ڕۆژنامەی "زە ناشناڵ"ی ئەمریکی لەزاری چەند سەرچاوەیەک باسی لەوەکردوە، حکومەتی عێراق مانگی ڕابردوو بە کردنەوەی ئۆفیسی بزوتنەوەی حەماس لە بەغدا ڕازیی بووە، ئەگەرهاتو پلانەکەش جێبەجێکرا، ئەوە ئێرانیش کار لەسەر پاراستنی سەرکردەو نوسینگەو ئەندامەکانیان لەبەغدا دەکات.
سەرچاوەکان باسیان لەوەکردوە، تیمە ئەمنییو لۆجستییەکانی حەماس بۆ سەرپەرشتیکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم هەنگاوە، گەشتی بەغدایان کردووە، گۆڤارە ئەمریکییەکە لە زاری پەرلەمانتارێکی دیاری عێراق کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حەماس هەیە دەڵێت "ئەم هەنگاوە لەمانگی ئایاری ڕابردوودا لەلایەن ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماسو نوێنەرانی حکومەتی عێراقو ئێران تاووتوێکراوەو ئیسماعیل هەنیەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، بەتەلەفۆن باسی ئەو پرسەیان کردوە".
تا ئێستا هیچ کۆدەنگییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەبارەت بەگواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق نییەو بەشێکیان لەوانە، وەك کوردو سوننەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام لەگەڵ ئەو ناکۆکییەشدا حکومەتی عێراق ئامادەنەبوە لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە.
نزار حەیدەر سیاسەتمەداری عێراقی لە بارەی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل و مەترسییەكانی لە سەر عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان باسی لەوەکردووە، هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل كاردانەوەی جددی لەسەر عێراق دەبێت، لە دوای بەیروت، بەغدا زۆرترین كاریگەری ئەم شەڕەی لە سەرە، بەهۆی بوونی چەك لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵى حكومەتی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەم شەڕە هەڵگیرسێت پێویستە عێراق دووربكەوێتەوە، پێویستە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێشوەختە بە مەبەستى ڕێگریكردن لە بەرامبەر هەر جموجۆڵێكی گرووپە چەكدارەكان بگرێتەبەر، كە خواست و نیازی چوونە ناو ئەم شەڕەیان هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر كاردانەوەیەكی جددی لەسەر دۆخی عێراق بكات.
ڕۆژنامەی "ئەخباری لوبنانی" ڕاپۆرتێكی بڵاوكردبووەوە و تیایدا پشتڕاستی كردەوە، حزبوڵڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە شەڕەكە دەربڕیووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
لەبەرامبەردا سایتی پۆلیتیکۆ-ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە رونی بە بەرپرسانی حیزبوڵڵایان راگەیاندوە کە ناتوانن هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان رابگرن.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و حیزبوڵڵا و پشتیوانی ئەمریکا لە هێرشەکان. دەشڵێت: "وڵاتانی زلهێز و گەورە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن و ئەمریکا خۆڵ دەکاتە چاوەوە."
خەزعەلی دەڵێت: "بەڕوونی دەیڵێن ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئەم قەوارە داگیرکارە، کە ئەگەر هێرشەکانی فراوان بکات و هێرشبکاتە سەر لوبنانی خۆشەویست و حیزبوڵڵای سەرخراو، ئەوا با ئەمریکا بزانێت هەموو بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق خستووەتە مەترسیی کردنە ئامانج، ئەو کات ئەو قەوارە داگیرکار و ئەو حکومەتە توندڕەو و ئەو رژێمە نازییە فریای ناکەوێت."
#ئیسرائیل
#ئیسرائیل