دەنگوباس
سیاسەتمەدارێكی عێراقی هۆشداری لە مەترسییەكانی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل و گەیشتنی شەڕەكە بە عێراق دەدات، دەشڵێت: ئەو شەڕە كاردانەوەی جددی لەسەر عێراق دەبێت.
نزار حەیدەر سیاسەتمەداری عێراقی لە بارەی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل و مەترسییەكانی لە سەر عێراق، بۆ میدیا ناوخۆییەكان باسی لەوەکردووە، هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل كاردانەوەی جددی لەسەر عێراق دەبێت، لە دوای بەیروت، بەغدا زۆرترین كاریگەری ئەم شەڕەی لە سەرە، بەهۆی بوونی چەك لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵى حكومەتی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئەم شەڕە هەڵگیرسێت پێویستە عێراق دووربكەوێتەوە، پێویستە حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێشوەختە بە مەبەستى ڕێگریكردن لە بەرامبەر هەر جموجۆڵێكی گرووپە چەكدارەكان بگرێتەبەر، كە خواست و نیازی چوونە ناو ئەم شەڕەیان هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر كاردانەوەیەكی جددی لەسەر دۆخی عێراق بكات.
ڕۆژنامەی "ئەخباری لوبنانی" ڕاپۆرتێكی بڵاوكردبووەوە و تیایدا پشتڕاستی كردەوە، حزبوڵڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە شەڕەكە دەربڕیووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکى ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
#ئیسرائیل
#عێراق