کوردستان

پارتی داد و گەشەپێدان: پلانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەیە و ئێمەش دژایەتی دەکەین

25/06/2024

دەنگوباس
وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان، پلانە بۆ دامەزراندنی "دەوڵەتی کوردی".
 
عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکپارتی باسی لەو هەڵبژاردنە کرد، کە بڕیارە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە مانگی ئابی ئەمساڵ بکرێت، چەلیک ڕایگەیاند، ئەو پلانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتە و تورکیا بە هەموو شێوەیەکی دژایەتیی ئەو پرۆسەیە دەکات، گوتیشی: "دەمەوێ بڵێم، زۆر لە نزیکەوە چاودێریی چالاکییە تیرۆرستییەکانی باکووری سووریا دەکەین. پەیەدە و یەپەگە کە پەکەکەی سووریان، هەوڵی هەڵبژاردنێکی خۆجێیان دا. ئێمە ئەوکات بە تووندی دژایەتیمان کرد".

وتەبێژەکەی ئاکپارتی دەشڵێت "دەبینین ئێستاش هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو هەڵبژاردنە کە پێشتر دواخرابوو". 
 
عومەر چەلیک پێیوایە ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە هۆکاری دروستبوونی پشێویی گەورە لە ناوچەکە، هەروەها زەمینەسازی بۆ هەڵگیرسانی شەڕی پێکهاتە و مەزهەبی، چەلیک ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەری خۆسەر بە "هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی تورکیا" ناوبرد و وتی "هەنگاوێکی لەمجۆرە، راستەوخۆ بەرپەرچ دەدرێتەوە."
#تورکیا
#ڕۆژئاوای کوردستان