دەنگوباس
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوون بۆ حەج نزیکەی 15 هەزار کەس بوون و 30 حاجی گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشوازی لە یەکەمین کاروانی حاجییان کرد کە لە ڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەمیانی پێشکەشكردنی وتەیەک ڕایگەیاند، "چوار هەزار و 685 کەس لە ڕێی وەزارەتی ئەوقافەوە چوون بۆ حەج، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بە ڤیزەی جۆراوجۆر چوون نزیکەی 15 هەزار کەس بووە".
ڕوونیشیکردەوە لەو 30 حاجییەی هەرێمی کوردستان کە لە مەککە گیانیان لەدەستداوە 29یان لەوانەبوون، کە بە ڤیزەی گەشتیاری چوون و تەنها یەک کەسیان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە گەشتی کردووە.
وەزیری ئەوقاف ئەوەشی ئاشکراکرد، کە لە ڕێی وەزارەتی ناوخۆوە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە بە ڕێگەی جۆراوجۆر خەڵکیان بردووە بۆ حەج.
#باشووری کوردستان