کوردستان

کۆمسیۆن: ناتوانین مانگی 9 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەین

24/06/2024

دەنگوباس
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لە 5ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن.
 
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "کۆمیسیۆن پێشنیازی رۆژی 5ـی مانگی 9ـی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئێستا چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەکەین." 
 
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 5ـی ئەیلوول ئەستەمە و ناتوانین لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەین، ئەو وادەیە مانگێک لەمەوبەر دیاریکرا، کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن کارەکانی دیاری دەکات، هەر رۆژێک دواکەوتن کاریگەری دەکاتە سەر کارەکانی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". 
 
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد "چاوەڕێی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەین مەرسووم بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن دەربکات". 


#باشووری کوردستان
#پەرلەمانی کوردستان