کوردستان

بەرەى گەل: پێویستە داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات

23/06/2024

دەنگوباس:
بەرەی گەل نیگەرانى خۆی لە دیارینەکردنى وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەو خەمساردییەی سەرۆکی هەرێم، پرسیاری گەورە لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دروست دەکات، دەشڵێت: پێویستە داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێی کۆنکرێتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات.

بەرەى گەل بەسەرۆکایەتى لاهور شێخ جەنگی  ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دیاری نەکردنى وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاندوە: وەک هەموولایەک ئاگادارن، سەرۆکی هەرێمی ماوەبەسەرچوو یەکەم مەرسومی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ دەرکرد کە تیایدا رۆژی ١ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکردبوو، لەو کاتەوە کە زیاتر لە دوو ساڵ تێدەپەڕێت، تا ئێستا سێ جاریتر کات و رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و هیچیان جێبەجێ نەکراون.

ئاماژەى بەوەشکردوە، دوایین جار ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، ئەوەبوو پاش شەڕێکی "میدیایی پڕ سیناریۆ و شیعاربازیی" نێوانیان بە ڕێکەوتنی حیزبیی پێشوەختە پارتی و یەکێتی ئەویشیان دواخست، سەرۆکی هەرێمیش لەو هەموو دواخستن و پەکخستنانەدا بۆ تەنها جارێکیش و بە دێڕێک ڕوونکردنەوەی نەدایە خەڵکی کوردستان و هاونیشتمانیان کە ئاخۆ هۆکاری ئەو دواخستنانە چییە و بۆچی ئەو وادانەی ئەو دیارییان دەکات لەبری پابەندبوون پێیانەوە بە سوکایەتیکردنەوە دوادەخرێن؟

بەرەی گەل جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو خەمساردییەی سەرۆکی هەرێم، پرسیاری گەورە لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم دروست دەکات، بەوەی ئایا ڕۆڵی ئەو دامەزراوەیە لە سەروەختی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا تەنها بووە بە دەرکردنی مەرسوم بێ ئەوەی پارتی و یەکێتی ڕێزی بگرن؟! یاخود سەرۆکی ئەو دامەزراوە گرنگە خۆی ئەو حاڵەتەی قبوڵە و بەشێکە لەو پرۆسەی بێبایەخکردنەکە.

هەروەها بەرەى گەل ڕوونیشکردەوە، بەتایبەتی کە هەر لەسەرەتاوە بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو لە درێژکردنەوەی تەمەنی نایاسایی پەرلەمان و سەرچاوەی هەموو کێشەکانی هەڵبژاردنیش لەو درێژکردنەوە نایاساییەوە سەرچاوەیان گرت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەرەى گەل دەشڵێت: ئێمە بە ڕوونی رایدەگەیەنین ئەگەر سەرۆکی هەرێم، توانای ئەوەی نییە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و پێی وایە حیزبەکەی خۆی و هاوپەیمانەکەی کە یەکێتییە ڕێزی بڕیارەکانی ناگرن.

هاوکات بەرەى گەل بە پێویستی دەزانێت داوا لە کۆمسیۆن بکرێت وادەیەکی نوێی کۆنکرێتی بۆ رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئەو بەرپرسیارێتییە بسپێردرێ بە ئەوان.

لە بەشێکی دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا بەرەی گەل ڕاشیگەیاندوە: خۆدزینەوەی زیاتری دەسەڵات لە هەڵبژاردن و حسابنەکردن بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان و زەوتکرنی مافی دەنگدان، گورزی کاریگەرن لە دیموکراسی و زیانی گەورەن بەرامبەر پێگە و سەنگی ئەم هەرێمە لە عێراق و ناوچەکەدا، بۆیە دەبێت لە نزیکترین کاتدا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.


#باشووری کوردستان
#بەرەی گەل
#هەڵبژاردنی کوردستان