راپۆرت و چاوپێکەوتن

نهێنی کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران لە هەولێر بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان

22/06/2024

دەنگوباس
بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵکشانی ئاڵۆزییەكان لە لوبنان، هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.

رۆژنامەی "جەریدە"ی کوەیتی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، هەفتەی رابردوو وەفدێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و فەیلەقی قودس، لەشاری هەولێر كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ وەفدێكی ئەمنی ئەمریكا ئەنجامداوە، کۆبوونەوەکەش بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ڕێگریکردن لە هەڵكشانی ئاڵۆزییەكان لە لوبنان، كە رەنگە ببێتەهۆی هەڵكشانێكی گەورەتر لە ناوچەكە، لایەنی ئەمریکی پێشنیازی هێورکردنەوەی دۆخەکەیان کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا داوایکردووە، ئێران  گەرەنتی کشانەوەی چەكدارانی حزبوڵای لوبنان و چەكە قورسەكانیان بكات بۆ باكوری روباری لیتانی، هەروەها راگرتنی هێرشەكانیان بۆ سەر باكوری ئیسرائیل، لەبەرامبەردا واشنتۆن وادەکات تەلئەبیب رازیبكات بە راگرتنی پرۆسە سەربازییەكانی لە باشوری لوبنان و ئەنجامندانی هێرشی بەرفروان بۆ سەر ناوخۆی لوبنان.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە کوەیتییەکە، ئەمریكا داوای لە شاندەکەی ئێران كردووە، تاران پێدانی چەكی پێشكەوتوو بە حزبوڵڵا رابگرێت، هاوکات پێشنیازی بەهێزكردنی هێزەكانی یونیفیل نێودەوڵەتی كردووە لە باشوری لوبنان بۆ پاراستنی ئاسایش، داواشی لە دووبارە كاركردن بە رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ و تەلئەبیب كردووە، لەبارەی پێویستی دوركەوتنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی ئێران لە سوریا، بۆ (40) كیلۆمەتر لە سنورەكانەوە. 

لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنی ئێرانی بە ئەمریكیەكانی راگەیاندووە، كشانەوە بۆ باكوری لیتانی داواكارییەكە بەلای حزبووڵڵاوە جێگەی قبوڵكردن نیە، هەروەها دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامیش پێویستی بە دوركەوتنەوەی هێزەكانی ئیسرائیلە لە سنورەكان، ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵڵاش دژی ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتیەكان، چونكە كێڵگەكانی شبعای لوبنانی داگیركردووە، ئێرانیەکان وتویانە ناشكرێت رەزامەندی لەسەر بەهێزكردنی هێزەكانی یونیفیل بدرێت تا ئەو كاتەی ئەو هێزانە بونیان نەبێت لە باكوری ئیسرائیل. 

"جەریدە"ی کوەیتی باسی لەوەشکردووە، "دوای كۆبونەوەكە بەرپرسانی ئێران سەرنجی ئەوەیان لادروست بووە كە بەرپرسانی ئەمریكا زۆر نیگەرانن لە هەڵسوكەوتەكانی ناتانیاهۆ، لەمیانی كۆبونەوەكەشدا ناتانیاهۆ و هەندێك لە وەزیرە توندەڕەوەكانی ئیسرائیلیان بە هەوڵدان بۆ كێشكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ هەندێك پرس كە بەلای ئەمریکاوە پەسەند نییە کردووە".

مەترسی گواستنەوەی بەرەیەکی دیکەی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بۆ نێو خاکی ئەو وڵاتە، یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان، بەرپرسانی ئەمریکا کاردەکەن بۆئەوەی لوبنان نەبێتە بەرەیەکی نوێی جەنگ، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانکردنی بەرەی جەنگ بۆ نێو خاکی لوبنان دەکات.
#ئیسرائیل
#ئیسرائیل
#ئێران