رۆژهەڵاتی ناوەراست

هەڵوێستی میلیشیا شیعەکان حکومەتەکەی سودانی و سەرکردە شیعەکانی خستووەتە ترسەوە

22/06/2024

دەنگوباس
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لەزاری چەند سەرچاوەیەکی عێراقییەوە ئاشکرایکرد سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نیگەرانی و ترسی خۆیان نیشانداوە، لەبارەی هەڵوێستە توندەکەی گروپە چەکدارەکان لە بەرامبەر ئەمریکا لە عێراق.

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، بۆ تێگەیشتن لەو هەڵوێستە نوێیە گروپە چەکدارەکان بەرامبەر ئەمریکا و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر هاوسەنگی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی حکومەتی عێراق، گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێوان سەکردەکانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار دەستپێکردووە.

شەرقولئەوسەت ئاشکرایکردووە، حکومەتی سودانی نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان دەربڕیووە، ئەو هەڵوێستەشی بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیاندووە، داواشیکردووە هەڵوێستی جدییان هەبێت، بۆ ئەوەی فشار لەو گروپانە بکرێت، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکەن.

بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، سەرکردەی حیزبە شیعە میانرەوەکان، ترسیان لە ئاڵۆزبوونی رەوشەکە هەیە، بە تایبەت لە کاتێکدا، رەوشی هەرێمایەتی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و باشووری لوبنان لە ئاڵۆزییەکی بەردەوامدایە، ترسی ئەوە هەیە بەرەیەکی نوێی شەڕ لە ناوچەکە لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵادا بکرێتەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، "گروپى مقاوەمەی عێراقی"، کۆتایی ئەو ماوەیەی راگەیاند بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دیاریکردبوو، جەختشیکردەوە هەموو رێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ داخستنی ئەو دۆسییە بە تەواوەتی.
#عێراق