کوردستان

شەرقلئەوسەت: گەندەڵی و کێشەی ئابوری هۆکاری سەرەكییە بۆ نائومێد كردنی گەنجانی كوردستان

21/06/2024

دەنگوباس:

بەهیوای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێ و گەیشتن بە ئەوروپا ژمارەیەك كۆچبەری هەرێم لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا بەلەمەكەیان نقوم دەبێت و گیان لەدەست دەدەن، بەم هۆیەشەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان روبەڕوی پرسە و ماتەمگێڕییەكی دیكە دەبنەوە.

لە راپۆرتێكدا ماڵپەڕی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، دوای مانەوەی پێنج مانگ لەگەڵ خێزانەكەی و بەهیوا پەڕینەوەیان لە توركیاوە بۆ ئەوروپا، مژدە و خێزانەكەی بە بەلەمێك بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەرێکەوتن، بەڵام لەگەڵ نزیك بوونەوەیان لە كەنارەكانی ئیتاڵیا، بەلەمەكەیان ڕووبەڕووی شەپۆلە بەهێزەكانی دەریا دەبێتەوە و ژێرئاو دەكەوێت، لە ئەنجامی ڕووداوەكەدا لە کۆی (11) ئەندامی دو خێزان تەنها سێ کەس ڕزگاریان دەبێت.

ئاماژەى بەوەشکردوە، پێشتر و لە ساڵانی ڕابردوو هەزارەها کورد ڕێگای کۆچبەرییان هەڵبژارد و سەرکێشییان لە دەریاکانەوە دەکرد بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی وەک بەریتانیا، یان بەپێ و بەنێو دارستانەکانی بیلاڕوسا رێیان دەكرد بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام توشی كارەسات دەبوونەوە، بۆیە ئەم کارەساتە یەکەمجار نییە لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات.

رۆژنامەكە وێنەی یەكێك لە ماڵی قوربانییەكان بۆ خوێنەرەكانی دەگوازێتەوە كە پرسەی تیادا دانراوە و دەڵێت: رۆژی چوارشەممە، خزم و كەسوكارەكان لەماڵێكدا كۆبونەتەوە كە وێنەی قوربانییەكانی تیادا نمایش كراوە، لە وێنەكەدا باشترین جلوبەرگیان لەبەردایە و زەردەخەنەیان بەدەموچاوەوەیە، مژدە و هاوسەرەكەی، هێرۆ و هاوسەرەكەی و منداڵەكانیان لەناوبەلەمەكەدا لەكەناراوەكانی ئیتاڵیا نقوم بون.

خەدیجە حسێن، یەکێک لە خزمەکانی نزیكەكانی ئەو دو خێزانە بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە: بەتەلەفۆن قسەمان لەگەڵ مژدە كردوە، ئەوی لێی دڵنیاین لەو دوو خێزانە كە ماون مژدە و كوڕەكەیەتی لەگەڵ كوڕێكی هێرۆ، بەڵام وردەکاریی دیکە لەبارەیانەوە نازانین.

وتیشی: كاتێك لە توركیا بەڕكەوتن قسەمان لەگەڵ كردن و بڕیار بوو لە کاتی گەیشتنیان بە شوێنی مەبەست پەیوەندی بكەنەوە، بەڵام ماوەیەک تێپەڕی، هیچ هەواڵ و پەیوەندییەکیان نەكرد.

كەمال محەمەد، لە حەوشەی قوتابخانەیەکدا پرسەی بۆ كورڕەكەی دانا بوو قسەی بۆ رۆژنامەكە كردوە، باوكی رێبورا دەڵێت: كۆتا جار رۆژی چوارشەممە لەگەڵ كوڕەكەم قسەم كرد، پێی وتوە؛ لەناو بەلەمەكەدان و بەرەو ئیتاڵیا دەرۆن.

باوكی رێبوار جگە لەو ئازارەی لە دڵیدایە، هەستێکی تێنەگەیشتن دەردەبڕێت و جەخت دەکاتەوە كە، خۆیان زۆر باش دەیانزانی کە کەشتیوانی بەم شێوەیە مردنەو دەشڵێت: بۆچی دەڕۆن؟... وڵاتی خۆمان لە هەمو شوێنێک باشترە.

عێراق بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستان تێیدا وێنەیەکی باشتری لە ڕووی سەقامگیری و ئارامییەوە هەیە و پڕۆژەی خانوبەرەی شاهانە، رێگای خێرا، زانکۆ و قوتابخانەی تایبەتی تێدایە و هاوشێوەی تەواوی ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە بە نەوت دەوڵەمەندە، بەڵام بە دەست گەندەڵی و کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت ئەوەش هۆکارێکی سەرەكییە بۆ نائومێدكردنی  گەنجان.



#باشووری کوردستان