کوردستان

محەمەد حاجی مەحمود: سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، هەڵبژاردنی هەرێمی دواخست

20/06/2024

دەنگوباس
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بۆ تاران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دواخست كە بڕیاربوو ڕۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

 
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند: بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 10/06 دواخست.

ئاماژەى بەوەشکرد، وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن و بەغداو کۆمسیۆنیش سوربون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغداوە هەڵبژاردن دواخرا و کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردن وەستاندی.

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێیوایە هەم هەرێمی کوردستان و هەم ئێرانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە پێوستییان بەیەکترە.

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەداوە كە ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت و جودی نییە و سەروەری نییە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد.


#محەمەد حاجی مەحمود
#باشووری کوردستان
#هەڵبژاردنی کوردستان