رۆژهەڵاتی ناوەراست

14 ڕێنمایی لە بەرگریی شارستانیی عێراقەوە لەبارەی خۆپاراستن لە گەرما

20/06/2024

دەنگوباس
بەرگری شارستانیی عێراق ژمارەیەك ڕێنمایی بڵاودەکاتەوە، بەمەبەستی خۆپاراستنی هاووڵاتیان لەو شەپۆلە گەرما بەهێزەی ڕوویکردووەتە عێراق.

بەرگری شارستانیی عێراق 14 ڕێنمایی بۆ هاووڵاتیان لەبارەی خۆپاراستن لە گەرما بڵاوکردوەتەوە بەمشێوەیە؛

1- پێویستە لە کاتی راگرتنی ئۆتۆمبێل ئەم شتانەی تێدا نەبێت:
 
- مادەی گازی کە ئەگەری تەقینەوەیان هەیە.
- چەرخ بە هەموو جۆرەکانییەوە.
- بتڵی ئاو و خواردنەوە گازییەکان
- بۆن و پاتریی ئامێرەکان بەگشتی
- پێویستە جامەکانی ئۆتۆمبێل کەمێک کراوەبن.
- تانکی ئۆتۆمبێل بەتەواوەتی پڕ سووتەمەنی نەکرێت.
- تاوەکو بکرێت بەیانیان سووتەمەنی لە ئۆتۆمبێل بکرێت.
- لەکاتی تینی زۆری گەرما بە ئۆتۆمبێل گەشت نەکرێت.
- تایەی ئۆتۆمبێل زیاد لە پێویست هەوای تێنەکرێت، بەتایبەت لەکاتی گەشتکردن.
 
2- زۆر خواردنەوەی ئاو و شلەمەنییەکان، بەتایبەت ئەگەر خۆر لێیدان، ئەوەش بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی شلەمەنییەکانی جەستە.
 
3- بتڵی گازی تایبەت بە چێشتلێنان لەبەر خۆر دانەنرێت.
 
4- دڵنیابوون لەوەی سویچەکانی کارەبا زۆر بارنەکراون، بەکارنەهێنانی فێنککەرەوە ئەگەر ژوورەکان کەسیان لێ نەبوو، دەبێت ئامێرەکانی پاراستنیش باش بن.
 
5- بەکارنەهێنانی پلاکی کارەبایی خراپ و کوالێتیی نزم، هەروەها دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پاراستن لە ئامێرەکانی فێنککەرەوە و ئامێرەکانی دیکەش.
 
6- زیاد لە پێویست گوشار نەخرێتە سەر وایەر و کێبڵەکانی کارەبا، باشترە هەر سویچ پلاکێک یەک ئامێری لەسەر بێت.
 
7- خۆدوورگرتن لە تیشکی راستەوخۆی خۆر، بەتایبەت لە کاژێرەکانی 11ـی بەیانی تاوەکو سێی پاشنیوەڕۆ.
 
8- مەلەنەکردن لە رووبارەکان، بەتایبەت ئەگەر ئەو شوێنانە پارێزراو نەبن و پێشتر مەلەیان تێدا نەکرابێت.
 
9- دابینکردنی سەرجەم پێویستییەکانی پارێزگاری لە مەلەوانگەکان و پێدانی رێنمایی لەلایەن رێبەرانەوە، بەتایبەت لەبارەی قوڵایی مەلەوانگەکان.
 
10- دانانی پارێزگاری سەر یان بەکارهێنانی چەتر بۆ ئەوەی تیشکی خۆر راستەوخۆ بەر سەر نەکەوێت.
 
11- هەوڵدان بۆ ئاودانی باخچە و دارەکان بۆ پاراستنیان و باش راگرتنی دەورووبەری باخچەکان.
 
12- خستنەکاری نافوورە و بەکارهێنانی باخچەکانی گشتی بۆ فێنکردنی کەشی گەرم.
 
13- ناشتنی ئەو دارانەی کە بەردەوام سەوزن بۆ ئەوەی بەردەوام سێبەریان هەبێت و ئۆکسجین ببەخشێت.
 
14- پێویستە لە هەر دۆخێکی لەناکاودا پەیوەندیی بە (115)، ژمارەی بەرگریی شارستانییەوە بکرێت.
#عێراق