کوردستان

پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە 117 ‌هەزار گەشتیار بۆ جەژن هاتوونەتە هەولێر

20/06/2024


پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پلانی ئەمنیی و گەشتیاریی جەژن وەك خۆی جێبەجێکراوە، هاوکات ئاماری سەردانی گەشتیاران بۆ هەولێر ئاشکرادەکات.

لە ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە "بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەک خۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا".

لەبارەی گەشتیارانیشەوە باس لەوەکراوە "پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (117 هەزار و 421) گەشتیار".

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی پارێزگاری هەولێر 

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 
یەکەم/ گەشتوگوزار:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانە دانانی لیژنەی تایبەتی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆن بەسەر گرووپە و گەشتیاران و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەی لە ڕۆژانی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (117 هەزار و 421) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکراوە و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانیان لە ئەرک دابوونە.
سێیەم/ پۆلیس:-
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لەڕۆژان جەژن، لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراوە، لە ڕۆژانی جەژن (54) تاوان تۆمارکراوە، (51) تاوان ئاشکراکراوە، (1) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.  
چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەک خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەماوەی ڕۆژانی جەژن (3) ڕووداوی هاتووچۆ ڕویداووە و تەنها زیانی مادی لێکەوتۆتەوە. 
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- 
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (29) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، کە (22) حاڵەتیان سووتانی پووش و پاوان بووە و حاڵەتەکانی تریش (3) ئۆتۆمبێل و (3) خانوو و (1) دوکان بووە، سەرجەمیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ تەندروستى:
لەڕۆژانی جەژن تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر لە ئەرک دابوونە، (3263) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (154) منداڵ لە هەردوو ڕەگەز لە دایک بوونە و (222) نەشتەرگەرى گەورە و بچووک ئەنجامدراوە.
حەوتەم/ شارەوانی:
سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا (7090) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.
هەشتەم/ کوشتارگە
لەماوەی چوار ڕۆژی جەژن، لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر (269) ئاژەڵی گەورە و (759) ئاژەڵی بچووک کراوەتە قوربانی، ئاژەڵە گەورەکان (53 هەزار و 800 کیلۆگرام) بوونە و ئاژەڵە بچووکەکانیش (17 هەزار و 457 کیلۆگرام) بوونە.
لەکۆتاییدا، دەستخۆشی لە تەوای قائیمقامیەت و ناحییە و یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و هێزە ئەمنیەکان و تەندروستی و تیمی شارەوانیەکان و ژینەگەپارێزان دەکەین، کە لە ماوەى ڕۆژانی جەژن وێڕاى پشووى فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوونە و ڕێگربوونە لە ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویست دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2024.6.20


#هەولێر