دەنگوباس
سەرۆك وەزیرانی عێراق دواین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووك ئەنجامدەدات، میدیاکانیش دەڵێن دواین کۆبوونەوە دەبێت و تیایدا بڕیار لە پۆستی پارێزگار دەدرێت.
میدیای عێراقیی بڵاویکردووەتەوە، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك کۆدەبێتەوە، لە پاش کۆبوونەوەکەش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووك کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا کۆتا بڕیار لەبارەی پێشنیازەکان بۆ دانانی پارێزگاری کەرکووك دەدرێت، لە ئێستاشدا لایەنەکان نزیكن لە پێشنیازی پێدانی پۆستی پارێزگار بە خول و هەر جارەی بۆ پێکهاتەیەك، کوردیش نزیکترین پێکهاتەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە لە خولی یەکەم.
پێشتر سودانی دواین مۆڵەتی دابووە لایەنە سیاسییەکان بۆئەوەی تا دوای جەژنی قوربان بگەنە ڕێککەوتن و چیتر پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووك، نەبێتە کێشە بۆ حکومەتی عێراق و پڕۆسەی سیاسی.
#کەرکووک