دەنگوباس
بازنەی ناڕەزایەتییەکان دژی داواکارییەکەی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تا دێت فراوانتر دەبێت، ئەمجارە لە نێو حکومەتی عێراقەوە دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بووەتەوە.
لە بەغدای ناوەندی بڕیاری سیاسی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دوای داواکارییەکەی مالکی دابەشبوون، هەریەکە لە حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم بە توندی دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختن، وردە وردە خەریکە سەرکردەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەنە ئەو بڕوایەی، بۆ دۆخی ئێستای عێراق مانەوەی حکومەت و دورخستنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت باشترین بژاردە بێت.
شەڕی ئاشکرای مالکی و سودانی
داواکارییەکەی مالکی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بە پلەی یەکەم بۆ ڕێگریکردن و داخستنی ڕێگەی ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەتە لەلایەن محەمەد شیاع سودانیەوە، بەتایبەت کە سودانی ئێستا لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیەوە پاڵپشتی حکومەتەکەی دەکرێت.
شەڕی ڕانەگەیەنراوی مالکی و سەدر
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لەسەرخۆ دەگەڕێتەوە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراق، سەدر مەبەستیەتی حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتی زۆرینە بێت و ئەمجارە بە تەواوی تارمایی نوری مالکی و هاوپەیمانەکانی لە دەسەڵات دوربخاتەوە.
هەرچی نوری مالکیە دەیەوێت بەر لە سەدر جوڵە سیاسیەکەی بکات و پێش ئەوەی موقتەدا سەدر داوای هەڵبژاردن بکات، نوری مالکی وادەی هەڵبژاردنی دیاریکردبێت، بەوەش دەیەوێت بڵێت ئەوەی بڕیار لە هەڵبژاردن دەدات ئەوە نەك موقتەدا سەدر.
داواکارییەکەی مالکی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دوای دەرکەوتنەوەی موقتەدا سەدر و ئامادەکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو پڕۆسەی سیاسی هات، ئەگەر نا پێشتر مالکی ڕەزامەندبوونی خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ حکومەتەکەی سودانی نیشاندابوو.
فادی شەمەری، ڕاوێژکاری سیاسی محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، ئەوەی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەوترێت، تەنیا لێدوانە و نەبراوەتە نێو کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردن.
ڕاوێژکارەکەی سودانی نایشارێتەوە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیی دابەشبوون هەیە لەبارەی داواکاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام وەك ئەو دەڵێت، زۆرینەی بیروبۆچوونەکان لەگەڵ مانەوەی حکومەتی ئێستای عێراقدان لە کارەکەی.
وەك فادی شەمەری دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کۆمسیۆن نۆ مانگ کاتی پێویستە، جا هەڵبژاردنەکە ئاسایی بێت یاخود پێشوەختە بێت، هەرچەندە نوری مالکی داوایکردووە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەو ئەگەرە دوورە لە واقعی ئێستای عێراق ئەویش بەهۆی ئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە کۆتایی ئەمساڵ.
هاوکات ئەگەر کۆمسیۆن نۆ مانگ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێویست بێت، ئەوا مانگی سێی ساڵی داهاتوو دەتوانێت ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامبدات.
عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە وتارێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بە ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ حکومەتەکەی سودانی نیشاندا و وتی "ئاسوودەین بە جوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چاکسازی و گەشەپێدان لە عێراق" هاوکات ستایشی ڕۆڵی سودانی لەو ڕووەوە کرد.
پلانەکەی مالکی بەشێوەیەکە، شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرجەم وەزیرەکانی حکومەت دەستلەکاربکێشنەوە، بەوەش ڕێگەی لەبەردەم وەزیرەکانی سودانی دادەخرێت ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ ئەودا ببنە هاوپەیمان یاخود لە حکومەتی داهاتوو پۆست وەربگرنەوە.
#عێراق