دەنگوباس
بەرەى گەل بەسەرۆکایەتى لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە گیان لەدەستدانى دەیان کۆچبەری هەرێم لە کەناراوەکانى ئیتالییا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: جارێکی تر و لە هەواڵێکی تری جەرگبڕ و کارەساتاویدا ، هەواڵی ژیان لە دەستدانی چەندین هاونیشتیمانی هەرێمی کوردستان لە یەختێکدا نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیامان پێ گەیشت.
ئەوەش هاتووە: لە کاتێکدا هاوخەمی خۆمان بە کەس و کاری ئەو قوربانیانە ڕادەگەیەنین و بەشداری پرسە و ماتەمیانین، لە هەمان کاتدا ئیدانەی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی بەرپرسانی حکومەت دەکەین.
بەرەی گەل جەختیکردوەتەوە، ئەو بێدەنگی و بێ هەڵوێستییەی حکومەت و دەسەڵات، مایەی شەرمەزارییە و پێویستە دەستبەجێ بەدەم کەس و کاری ئەو قوربانیانەوە بڕۆن و هاوکاریان بن لە هێنانەوەی تەرمەکان، کارەساتی لەمجۆرە پێویستی بە بەدەمەوەچوونی خێرا و دەستبەجێ هەیە، ئەوەی رودەدات لە خەمساردی لوتکەی نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر هاونیشتیمانیان.
هەروەها بەرەى گەلی ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەو خێزانانە لە دەسەڵاتی خراپی پارتی و یەکێتی ڕادەکەن، لە هەرێمێک ڕا دەکەن کە خوای گەورە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی بۆ ژیانێکی شایستە و شەرەفمەندانە پێ بەخشیوە.
هاوکات بەرەی گەل ڕوونیکردوەتەوە، گەندەڵی و تاڵانی و چەتەیی و هەموو جۆرەکانی بەدکاری وایکردوە خەڵک رێگای مەرگ بگرنە بەر و وڵاتەکەی خۆیان و دۆست و کەس و کاریان بە دوای ژیانێکدا کە شایستەی ژین بێت جێدەهڵێن.
#باشووری کوردستان
#بەرەی گەل