دەنگوباس:
سبەینێ 20ی حوزەیران، وەرزی هاوینی ساڵی 2024 دەستپێدەکات، پلەی گەرمی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک لە چەند پارێزگایەک 50 پلەی سیلیزی تێپەڕکردووە، وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش چەند ڕێنمایەکی بۆ خۆپاراستنى هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ڕاسپاردەکانی وەزارەت سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە تیشکی خۆر بەتایبەت لە نیوەڕواندا و بۆ منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی بەدەست هەندێک نەخۆشیەوە دەناڵێنن.
وتیشی: پۆشینی جلوبەرگی گونجاو و رەنگی گونجاو و کڵاو و چاویلکەی خۆر و خواردنەوەی بڕێکی پێویست ئاو، ئەو هەنگاوە سەرەکییانەن کە دەبێت بگیرێنەبەر.
وتەبێژی وەزارەتى تەندروستى وتیشی: ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە وەک بەرزی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەکرە، و ئەوانی دیکەش دەبێت پابەندبن بەمەوە.
هاکات هۆشداریش دەدات، لە ئەگەری وشکبوونەوەی جەستە، کەمبوونەوەی سەرنجدان، ئارەقکردنەوە و حاڵەتەکانی دیکە، پێویستە دەستبەجێ بچیتە شوێنێک سێبەر بێت و بڕێکی باش ئاو بخۆیتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق وتیشی: یەکەکانی فریاگوزاری بە درێژایی کاتژمێرەکان کاردەکەن بۆ پێشوازی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
#عێراق
#کەشوهەوا