کوردستان

ئاڵدار خەلیل: تورکیا سەد ساڵە ترسی لە کورد هەیە

19/06/2024

دەنگوباس
ئەندامێکی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکەیان و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستی نوێ ڕادەگەیەنێت.


ئاڵدار خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک بە فورات نیوزی وتووە "دەوڵەتی تورکیا بە تایبەتیش رژێمی ئاکەپە-مەهەپە هەبوونی خۆی لە سڕینەوە و لەناوبردنی کورد دەبینێت، هەبوونی خۆی لە پاکتاوکردنی پرۆژەی دیموکراتیک دەبینێت، بە گوێرەی ئەوان ئەگەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک جێگیربێت، ئەگەر گەلی کورد وەک گەلانی دیکە ببنە خاوەن ماف و ژیانێکی ئازاد، کۆتایی بە تورکەکان دێت".

دەشڵێت "بۆچی لە ناو ترسێکی بەو جۆرەدایە؟ لەبەر ئەوەی کۆماری تورکیا کاتێک دامەزرا لە بنەمای لەناوبردنی کوردان دامەزرا، کورد و تورک پێکەوە ئەو کۆمارەیان دامەزراند، بەڵام دەوڵەتی تورکیا چی کرد؟ ئەو بەڵێنانەی لەبیرکرد کە بە کوردانی دابوو، لە دژی کوردان سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گرتەبەر. بۆ ئەوەی کوردەکان داوای مافی خۆیان نەکەن هێرشی کردە سەر کوردان و ویستی لەناویان ببات، دەوڵەتی تورکیا سەد ساڵی تێپەڕاند، بەڵام سەد ساڵە بەو ترسەوە دەژی".

بەوتەی ئاڵدار خەلیل "تورکیا دەترسێت کە کورد ببنە خاوەن ماف. مافەکانی گەلی کورد رەوان، هەزاران ساڵە ئەم گەلە لەسەر ئەم خاکە دەژی. مێژوو، کولتور و زمانەکەی ناسراوە. کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە هەموو کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی دەداتەوە دەبینێت کە لەم خاکەدا شارستانیەت لەلایەن ئەم گەلەوە دامەزراوە. دەوڵەتی تورکیا لەم راستیە دەترسێت".


#ڕۆژئاوای کوردستان