دەنگوباس
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕۆژی ١٦ـی تەمموزی ئەمساڵی وەک کۆتا ڕۆژ بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی عێراق و هەرێم دیاریکرد، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکەش ئاستی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ ٢١٪ زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
ئەمڕۆ سێشەممە، حەیدەر نوری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندوە، ڕۆژی ١٦ـی مانگی داهاتوو وەک کۆتا وادە بۆ وەرگرتنی گەنم دیاری کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، ئەو وادەیە لە ئێستاوە ئاشکرا کراوە، چونکە بەشێک لە جوتیارانی عێراق و هەرێم تا ئێستا دەستیان بە هێنانی گەنمەکانیان نەکردووە، ئەوەش پڕۆسەکەی خاوتر کردووەتەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق باسی لەوەش کرد، پێویستە ئەو جوتیارانەی کە گەنمەکانیان دەدەنە سایلۆکان پابەندی کات و ڕێژەکە بن، چونکە لە ١٦ـی تەمموزەوە گەنم وەرناگیرێت.
هەروەها بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق وتیشی: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ ٢١٪ زیاتر بووە بەراورد بە ئاستی بەرهەمی ساڵی ڕابردوو.
#ئابووری
#عێراق