رۆژهەڵاتی ناوەراست

عێراق پێشەنگی وڵاتانی عەرەبییە بۆ گەشەپێدانی بۆری نەوت

18/06/2024

دەنگوباس:
بەپێی ڕیزبەندی ماڵپەڕێكی ئەمریكی تایبەت بە كەرتی وزە، عێراق لە پێشەنگی یەكەمی وڵاتانی عەرەبیدایە، بۆ گەشەپێدانی بۆری نەوت.

 
ماڵپەری "گڵۆباڵ ئێنرجی مۆنیتەر"ی ئەمریكی تایبەت بە كەرتی وزە، لە ڕاپۆڕتێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، عێراق لە پلەی یەكەمدایە بۆ زۆرترین هەوڵ بە مەبەستی گەشەپێدانی بۆری نەوت و یەكێكیشە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان لە پڕۆژەكانی تایبەت بە بۆری نەوت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، عێراق خاوەنی نزیكەی 15 بۆری گواستنەوەی نەوتە بە درێژی دوو هەزار و نۆ میل ە خاوەنی 10 بۆری نەوتی دیكەشە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان بە درێژی هەزار و 53 میل، جگەلەوەش بە درێژایی سێ هەزار و 83 كیلۆمەتر پرۆژەی بۆری نەوتی دیكەی عێراق لە قۆناغی دیزاین و جێبەجێكردندان.

ماڵپەڕەكە ڕوونیکردوەتەوە، بڕیارە تا كۆتاییەكانی ساڵی داهاتوو، عێراق پرۆژەیەكی بۆری هەناردەی نەوت بە ناو دەریادا جێبەجێبكات، كە تێچووەكەی نزیكەی 417 ملیۆن دۆلارە و لەلایەن كۆمپانیای هۆڵەندی رۆیاڵ بۆسكالیسەوە جێبەجێ دەكرێت، پلانیشی هەیە تاكو ساڵی 2027 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل بەرزبكاتەوە.


#ئابووری
#عێراق
#نەوت