کوردستان

پەرلەمانتارێکی عێراق بیانووی تورکیا بۆ ڕاگرتنی گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانی ئاشکرا دەکات

18/06/2024

دەنگوباس:

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەموو بیانوی تورکیا بۆ ڕاگرتنی گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە فڕۆكەخانەكە، لەكاتێكدا تورکیا دەزانێت ستافی فڕۆکەکە هەمووی ئەمەریکی بوون و پێش فڕۆكەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبووەوەو لەوێوە هاتبووە فڕۆکەخانەی سلێمانی، دەشڵێت"بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا."

كاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی پەیوەندییەكان و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی درێژكردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی گەشتەكانی توركیا لەگەڵ فڕۆكەخانەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"ئێمە هەر لەسەرەتای ئەم گرفتەوە وەک لیژنەکەمان لە پەرلەمانی عێراق و خۆم وەک نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی تەواوم کردوە لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی پێی وتین بەپێی ئەو ئیمیڵەی لەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیاوە بۆمان هاتووە، ئەوان لە وەزارەتی دەرەوە فەرمانی ڕاگرتنی گەشتەکانیان داوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆکاری سیاسی، بۆیە بەڕاستی ئەمە کێشەیەکی سیاسییە و سزای سیاسییە، تورکیا دەیەوێت بەم پاساوە سزای سلێمانی و یەکێتی بدات."

وتیشی"ئەگەرنا ئێمە وەک لیژنەکەمان بەدواداچونمان بۆ ئەو بانگەشانەی تورکیا کردوە بەپێچەوانەوە فڕۆکەخانەی سلێمانی یەکێکە لە فڕۆکەخانە باشەکانی عێراق لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، هیوادارین هەرچی زووە ئەم کێشەیە لە ڕووی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەداخەوە حکومەتی هەرێم بەشێوازی دەوڵەتداری و دامەزراوەیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەرەوەدا نییە، بۆ نموونە ئێمە وەک یەکێتی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران شتێکە و پەیوەندی پارتی لەگەڵ تورکیا شتێکە، بە داخەوە ڕاستە دەوڵەت نین و وەزارەتی دەرەوەمان نییە، بەڵام پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە لەسەر ئاستی حزبییە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەبوو سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت خۆیان بە خاوەنی کێشەی گەمارۆ خستەنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بزانیایە، بەداخەوە عێراقیش دەستاوەستان وەستاوە لەم بابەتە لەکاتێکدا چەند کارتی هەبوو دەستی بۆ ببات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە وەک کارتی دیپلۆماسی، یاخود لە ڕێگای فڕۆکەوانییەوە، بەداخەوە نە حکومەتی عێراقی نە حکومەتی هەرێم هەنگاوییان نەناوە لەو ڕووەوە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، ئەگەر حکومەتی عێراقی بە جدی هەوڵی بدایە بێگومان کاریگەری دەبوو لەسەر تورکیا، یا ئەگەر حکومەتی هەرێم یەک دەنگبووایە سەبارەت بە کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبوو، بەداخەوە ڕەنگە هەبێ بەرژەوەندی لەوەدا بێت سلێمانی گۆشەگیری بکرێت، ئەمە لەناوخۆی هەرێم دەڵێم، چونکە کاتێک خەمی فڕۆکەخانەی سلێمانی نابێتە خەمی گشتی هاوشێوەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەرگری لێناکرێت بەڕاستی ئەمە جێگای گوومانە، دوای ئەوە بەشێک لەیەک هەڵوێست نەبوونی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەشێکی بەرژەوەندییە ئابورییەکانە."

كاروان یاروەیس باسی لەوەشکرد، لەوکاتەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەمارۆی خراوەتەسەر 70%ی خزمەتگوزارییەکانی کارگۆ و ترانزەیت چوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر، هەروەها ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دوو هێندە زیاد بووە، جگە لە داهاتی فرۆشتنی بەنزین و سوتەمەنی بۆ فڕۆکە هاوکاتی خزمەتگوزارییەکانی تر هەمووی دوو هێندە بووە، بۆیە ئەمە وادەکات بەرژەوەندی ئابوری بێت کە حکومەتی هەرێم بەجدی شەڕی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەکات، من حەزدەکەم فڕۆکەخانەی هەولێر ببوژێتەوە گەشتم لێوە کردوە و بەڕاستی خزمەتگوزاری و ستافی بەڕێز و باشیان هەیە، قسەکەی من وەک کوردستانیانەیە نەک تەنها بۆ شارێک."

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئەوەشی وتووە"هەموو بیانوی تورکیا نیشتنەوەی فڕۆکەکەی مەزڵوم کۆبانییە لە سلێمانی کە لە وڵاتێکی کەنداوەوە هاتبوو، تورکیا خۆی باش دەزانێ و ئاگادارە ستافی فڕۆکەکە هەمووی ئەمەریکی بوون، هەر ئەو فڕۆکەیەی مەزڵوم کۆبانی پێش فڕۆکەخانەی سلێمانی لە فڕۆکەخانەیەکی تری هەرێمی کوردستان نیشتبوەوەو لەوێوە هاتبووە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام من نامەوێت وەک ڕۆژنامەی خەبات و ڕاگەیاندنەکانی تر سیخوڕی بکەم بۆ تورکیا، چونکە ئەم قسەیە لە دڵمەوە دەکەم چەندە خەمی سلێمانیمە دوو هێندە خەمی هەولێر و دهۆک، بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەیەکی کوردستانیانەیە."

ئاماژەی بەوەشداوە، خۆزگە سەرۆکی هەرێم کاک نێچیرڤان بارزانی چۆن بۆ بابەتی دواخستنی هەڵبژاردن چەند سەردانێکی بەغدای کرد، بۆ بابەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەردانی بەغدای بکردایە و پەیوەندی تایبەتی خۆی لەگەڵ تورکیا بەکاربهێنایە بۆ کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کوردستانیانە هەوڵی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بدایە.

لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پەكەكە، كاروان یاروەیس ڕایگەیاندوە: تورکیا بیانوو دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی حکومەتی عێراقیش ئەمە دەزانێت، تورکیا دەیەوێت یەکێتی جاسوسی بەسەر پەکەکەوە بۆ تورکیا بکات، چۆن هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی ناکات، بەهەمان شێوە بۆ تورکیاش ئەوە ڕەتدەکاتەوە، یەکێتی هیچ کات هاوکاری پەکەکە و هیچ لایەنێکی سەربازی نەکردوە ئەوە تەنیا لەبەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانێتی بەرامبەر پرسی کورد لە باکوور، کە هیواخوازین بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بکرێت."


#باشووری کوردستان
#تورکیا
#سلێمانی