دەنگوباس
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانیی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆئەوەی دوای پشووەکانی جەژنی قوربان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ئەنجامبدرێت.
بەوتەی ئەرشەد ساڵحی "ڕێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە چارەسەری دۆخی هەستیاری پارێزگای کەرکووك بکرێت و چەقبەستوویی سیاسی کۆتایی پێبهێندرێت".
دەشڵیت، کاردەکرێت بۆ ئەوەی دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، حکومەتی خۆجێی کەرکووك پێکبهێندرێت.
تا ئێستا دیار نییە چ لایەنێك پۆستی پارێزگاری کەرکووك وەردەگرێت، بەڵام چەند پێشنیازێك لەو ڕووەوە هەیە، کە دیارترینیان ئەوەیە پۆستەکە بەشێوەی خول بدرێتە هەرسێ پێکهاتەی کورد، سوننە و تورکمانەکان.
#کەرکووک