کوردستان

وەزارەتى دارایی دەست لەکارکێشانەوەى ئاوات شێخ جەناب پشتڕاست دەکاتەوە

17/06/2024

دەنگوباس:
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە پشتڕاستدەکاتەوە کە باس لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی، ئاوات شێخ جەناب، دەکەن لە حزبەکەی و دەڵێت: بەڵێ ڕاستە وەزیری دارایی سێ جار بەفەرمی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر بڕیارەکەی.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە: کاک ئاوات لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە، دوایەمین جار لەمانگی یەکی 2023 بووە، نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کەدەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت."

وتیشی: داوای لەدەستلەکارکێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە، هۆکارەکەشی دەتوانن لەخۆی بپرسن لەوانەیە بەدەقیقی وەڵامی ئەو پرسیارەم لانەبێت.

لەبارەی پڕکردنەوەی پێگەی وەزارەتەکە کە لە پشکی گۆڕانە وتەبێژی وەزارەت دەڵێت: وەزیر داوای پڕکردنەوەی پۆستەکەی بە کەسێکی تر لە بزووتنەوەکە کردووە.

هونەر جەمال ئەوەی ڕوونکردوەتەوە، گومانی تێدا نییە پۆستەکەی پشکی گۆڕانە، بۆیە داوای کردووە لەگەڵ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی کەسێک دابنرێت و بخرێتە جێگاکەی و بەرپرسیارێتیەکەی ڕادەستبکاتەوە بە بزووتنەوەکە.


#ئابووری
#باشووری کوردستان
#گۆڕان