دەنگوباس
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکرایکرد، دوو خانوو دراونەتە کەسێکی نزیکی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووك بە وەکالەت و دەڵێت، ئەو کارە پێچەوانەی یاسایە.
دەستەکە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، لیژنەی دابەشکردنی پارچە زەوی لە پارێزگا و شارەوانیی کەرکووك دوو خانووی لە دەرەوەی رێکار و ڕێنماییەکان داوە بە برازاکەی راکان جبووری، هەربۆیە دوای وردبینی و لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە لە ماوەی تەرخانکردنی زەوی، زیاتر لە خانوویەکی بەناوەوە تۆمارکراوە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و ژمارەیەک دۆسیەی دیکە ناردووەتە کەرکووك.
جیاوازیی خەمڵاندنی جێبەجێکردنی قوتابخانە و یاریگەیەك لە یەکێک لە گوندەکانی قەزای دوبز یەکێکی دیکەیە لەو دۆسیانەی لەلایەن دەستەکەوە لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە جیاوازییەکە دەگاتە 393 ملیۆن دینار، فەرمانی جێبەجێکردنی ئەو دوو پڕۆژەیەش لە بەشی پلاندانانی پارێزگای کەرکووکەوە دەرچووە، مامەڵەکانی هەردوو پڕۆژەکەش لە بەشی ژمێریاریی پارێزگا دەرهێندراون.
#کەرکووک