کوردستان

ئەدهەم بارزانی:بۆ ئەم هەڵبژاردنە قەوارەیەکی نوێی سیاسی ڕادەگەیەنین

15/06/2024

دەنگوباس
ئەدهەم بارزانى و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاشکرای دەکات بۆ ئەم هەڵبژاردنە قەوارەیەکی نوێی سیاسی ڕادەگەیەنن ئەگەر بە ڕێکارە یاساییەکان ڕابگەن.

بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە ئەدهەم بارزانى پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاندوە، بارودۆخی هەرێمی کوردستان چەقی بەستووە کە بەهۆی خۆبەدەستەوەنەدانى هەندێک لایەنی سیاسی لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی کە هەڵبژاردن هاتووەتە ئاراوەو بووەتە هەڕەشە لەسەر هەرێمەکەمان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ڕەنگدانەوەى لەسەر عێراق و دەرەوە هەیە، چونکە یەکێک لەدیاردەکانى شارستانییەتى هەر گەل و وڵاتێک بۆ بەشداریپێکردنى هاوڵاتییان لە زەمینەى دەسەڵاتی سیاسی و حکومڕانیدا.
وتیشی: لەماوەکانى ڕابردوودا چەندین جار سەرۆکایەتى هەرێم مەرسوومی سەرۆکایەتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کرا، کە کۆتا جاریان مانگی ٦ـی ئەمساڵ بوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەى هەندێ لایەن بیانوویان هەبوو لەسەر دۆخەکە بۆیە هەڵبژاردن بەڕێوى نەچوو، هێشتا وادەی نوێش دیاری نەکراوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
ئەدهەم بارزانى ئاشکرای کرد، ئێمەش بەپێی ویستى جەماوەر لەوانەیە لەم چەند رۆژەى داهاتوو وەک قەوارەیەکی نوێی سیاسى ئامادەیی خۆمان نیشان بدەین بۆ بەشداری لەو پرۆسە دیموکراسییە بکەین ئەگەر بەڕێکارە یاساییەکان ڕابگەین.
ئەدهەم بارزانى هیوا خوازییشە ئەم هەڵبژاردن جیاواز لە هەڵبژاردنى ٣٢ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکى نوێ بێتە کایەوە، چونکە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێپەڕدەبێت، ئاڵۆزی و گرفتەکان بەجۆرێکن کە تەنیا هەڵبژاردن و شەقام دەتوانێت گۆڕانکاری لەم سیستەمە حکومڕانییەدا بکرێت.
پێشوایە هۆکاری نائومێد بوونى خەڵک بەرامبەر پرۆسەى هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ ٣٢ ساڵ حکومڕانی دەسەڵاتدارانى ئەم وڵاتە کە هەموومان بینیومانە بەچی شێوەیەک بەڕێوە چووە، خراپ دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکیش دەرخەری ئەو ڕاستییەن.
ئەدهەم بارزانى لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان دەکات بەشداری کارا لەم هەڵبژاردنە بکەن، چونکە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاری نوێ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.


#باشووری کوردستان