کوردستان

شاخەوان عەبدوڵڵا: ناهێڵین هیچ کەسێك لەدەرەوەی کەرکووك ببێتە پارێزگاری شارەکە

15/06/2024

دەنگوباس
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت کەرکووکییەك ببێتە پارێزگاری شارەکە بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی نەتەوایەتیی کەسەکە.


شاخەوان عەبدوڵڵا بە میدیای عێراقیی وتووە "پارتی مەبەستیەتی کەرکووکیەك ببێتە پارێزگار بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی نەتەوایەتیی کاندیدەکە، بەڵکو دەمانەوێت پیشەییانە کاری خۆی بکات".

بەوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەوان ڕێگە نادەن بە هیچ کاندیدێك کە لە دەرەوەی پارێزگای کەرکووك بۆ پۆستی پارێزگار دابنرێت.

دوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کۆنەبووەتەوە، هاوکات خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەو بابەتە دەستوەردانی کردووە، بەڵام هێشتا کێشەکە چارەسەر نەبووە.

لە نوێترین پێشنیازدا، تورکمانەکان داوا دەکەن پۆستی پارێزگار بۆ سێ خول دابەش بکرێت و هەر خولێک بدرێتە پێکهاتەیەك.


#پارتی دیموکراتی کوردستان
#پێشمەرگە