دەنگوباس
ئەندامێکی دەستەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە "یاسایی بوون" یان "نەبوونی" ئەو زەویانەی چیای گۆیژە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە هۆی دروستکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیایەکەوە ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە لە شاری سلێمانی.
حاکم سەڵاحەدین، ئەندامی دەستەی داواکاری گشتی لە شاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە داوای ڕوونکردنەوەمان لە شارەوانی و لایەنەکانیش کردووە، بەڵام هێشتا وەک پێویست ڕوونککردنەوەکە نەهاتووە، کۆتا شت ئەوەیە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، داوایان کردووە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێندرێت لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەیی داواکاری گشتی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکرێت، کە ئایە ئەمە هیچ شتێکی نا یاسایی تێدایە."
وتیشی،" ئەوەی وەک زاهیر دیارە تا ئێستا شتەکان یاسایین، بەڵام دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت لەڕووی بەخشینی زەوی و وەڵامی لایەنەکان و ئیدارەکان تەواوە یان هیچ سەرپێچیەکی تێدایە یاخود نا ئەوکات ئەنجامەکە ڕادەگەیەندرێت."
دوای دروستکردنی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەلایەن یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە لە شاری سلێمانی، کۆمەڵێک لە چالاکوان، ژینگەپارێزان و پەلەمانتارانی پێشووی خولە جیاوازەکان نارەزایەتیان دەربڕی و دەستەیەکیان بە ناوی "گۆیژە بپارێزە" پێکهێنا. دەستەکە جەندین چالاکیان لە دژی دروستکردنی چەندین پرۆژەی وەبەرهێنانی تایبەت لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و دەڵێن بەشێکی زۆر لە پرۆژەکان بەدەرلەوەی لەسەر موڵکی گشتی دروستکراون کاریگەری خراپیان لەسەر تێکدانی ژینگەی شارەکە هەیە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی دەستەی "گۆیژە بپارێزە" بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆ هەموو دەستدرێژیانەی کراوەتە سەر ژینگەی سلێمانی سەردانی چوارشوێنمان کردووە کە پێکهاتوون لە دەستەی دەستپاکی هەرێم، ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی، وەزیری دارایی و داواکاری گشتی سلێمانی و تەنانەت هەرێمیش."
وتیشی،" داواکری گشتی هەرێم لەسەر ئەم دۆسیەیە هاتۆتە سەرخەت، کە دەیانەوێت ئیشی لەسەربکەن، وەزیری دارایش بە تیمەکەمانی وت کەوا چاوەڕیی فەرمانی داواکاری گشتین بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی نارەزایەتی خۆیانیان بدەنێ."
جگە لە دەستەی دادوەری دەستەی دەستپاکیش یەکێکی ترە لەو شوێنانەی کە دەستەکە داوا دەکات هەڵوێستی هەبێت و داواکاری خۆیان پێشکەشکردوون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەم پرۆژانە.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، ئەندامی دەستەی دەستپاکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وەک دەستەی دەستپاکی ئێمەش ئەو بەڕیزانەمان بینی، وە داواکەی داواکاری گشتی هاتۆتە لای ئێمەش بۆ لێکۆڵینەوە."
لە دوا چالاکی دەستەکە سەبارەت بە نارەزایەتیان لەسەر ئەو پرۆژانە، دوێنێ 13ی مانگی شەش دەستەکە لە بناری گۆیژە ئامادەکاریان کرد بۆ پێشکەشکردنی چالاکیەکی مەیدانی و هونەری، بۆ ئەمەش چەندین کەس بە مەبەستی بەشداری لە چالاکیەکە چوونە بناری گۆیژە، بەڵام جالاکیەکە لە لایەن ئاسایشەوە ڕێگری لێکرا.
سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم سەبارەت بە هۆکاری ڕێگریەکەیان لەبەردەم چالاکوانەکاندا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" چالاکیەکە مۆڵەتی نەبووە، بۆیە ڕێگری لێکرا."
ڕۆژی 26ی مانگی پێنج نوێنەری کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" پرۆژەکەیان خزمەتێکی گەورە و سیمایەکی جوان دەبەخشێت بە شارەکە، وە بەرپرسە ئیداریەکانی شاری سلێمانیش ڕەزامەند بوون بە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم پرۆژەیە زۆرترین کاردانەوەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا و دوو بەرەی جیاوازی لێکەوتەوە بەشێکیان پێیان وایە پرۆژەکە لە خزمەتی شاری سلێمانیدایە و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە بە تێکدانی ژینگەی سلێمانی ناوی دەبەن.
بە پێی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی ساڵی 1970 ئەو موڵکانەی کە زەوی کشتووکاڵی نین، خاوەندارێتیەکەیان دەگەڕیتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەو پێیە بێت شوێنی پرۆژەکە موڵکی وەزارەتی داراییە.
ڕۆژی 5ی مانگی شەش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەین بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست بکرێت."
بەڵام وەزارەتەکە تا ئێستا بێدەنگە و بە پێی قسەی ئەندامانی دەستەکەش، وەزارەتی دارایی پێی وتوون جاوەڕیی بڕیاری داواکاری گشتین.
ئەبوبەکر هەڵەدنی وتی،" وەزیری دارایی پێی وتین چاوەڕێی داواکاری گشتین داوامان لێبکات تا ڕاپۆرتی خۆمانی پێشکەش بکەین."
لەو بارەیەوە هونەر جەمال وتەبێکی وەزارەتی دارایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڕیز وەزیر وتوویەتی ئەو موڵکانەی کە خاوەندارێتیەکەیان دەگەڕیتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئێمە پشتگیریان لێ ناکەین، لە ئێستادا هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە لەو بارەیەوە، لە ئێستادا نازانین ئەو موڵکانە هی وەزارەتی دارایین یاخود نا."
#باشووری کوردستان
#سلێمانی